ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

  ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
فەرماندەی گشتیی سوپاسی پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەرانبەر هەوڵەکانی ئەمریکا بە مەبەستی خستنە لیستەی تیرۆری سوپای پاسداران، بە توندی هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (سوپانیوز)، محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەی ستراتیجیی سوپای پاسداران، ئاشکرای کرد: "ئەگەر بێت و ئەمریکا بڕیار لەدژی سوپای پاسداران بدات، سوپای پاسدارانیش سوپای ئەمریکا هاوشانی داعش دادەنێت".

جەعفەری ئەماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر بێت و ئەمریکا ئەم هەڕەشە نوێیانەی بەرانبەر ئێران کردەیی بکات، واتە یاسای کاتسا (یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لەڕێگەی گەمارۆوە) جێبەجێ بکات، لە ڕوانگەی ئێرانەوە بە واتای کشانەوەی یەکلایەنەیە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی".

ماوەیەکە میدیا جیاهانییەکان هەواڵ و ڕاپۆرت و لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بڵاو دەکەنەوە کە دۆناڵد ترەمپ و کۆنگرێس بەتەمان سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپ و میلیشیا هاوشێوەکانی لە ناوچەکە بخەنە لیستەی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێرانیش کاردانەوەی جۆراوجۆیان بەرانبەر ئەم هەوڵەی ئەمریکا هەیە.

بڕیارە هەتا ڕیکەوتی 2017/10/15 دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا دوایین هەڵوێست و ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک پێشکەش بە کۆنگرێس بکات و هەموو ئەگەر و شیمانە سیاسی و ڕۆژنامەوانییەکان ئەوە دەردەخەن کە ترەمپ و سەرانی کۆنگرێس بڕیاری هاتنە دەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوکی و گرتنەبەری گەمارۆی نوێ لەدژی ئێران بگرنەبەر، چونکە ئەمە بەشێکە لە ستراتیجی و پلانی نیوێی ئەمریکا لەدژی هەوڵەکانی ئێران لە ناوچەکە.










باسنيوز
Top