ئەمریکا بە بەهای 15 ملیار دۆلار سیستەمی دژە مووشەکی دەداتە سعودیە

 ئەمریکا بە بەهای 15 ملیار دۆلار سیستەمی دژە مووشەکی دەداتە سعودیە
وەزارەتی بەرگریی ئەمرکا (پنتاگۆن) رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی دژە مووشەکیی پێشکەوتوو بە سعودیە.



پێشتر هەردوو وڵاتی سعودیە و ئەمریکا لەسەر گرێبەستەکە رێک کەوتوون، کە بەهاکەی دەگاتە 15 ملیار دۆلاری ئەمریکی و بەهۆیەوە ئەمریکا سیستەمی سادی دژە مووشەکی بە سعودیە دەفرۆشێت.



پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی هەینی 6/10/2017 دەری کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، سیستەمی دژە مووشەکیی ساد سەقامگیریی کەنداوی عەرەبی بەردەوام دەکات و لەڕێگای پاڵپشتیی ”وڵاتێکی دۆست“ـەوە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەپارێزرێن.



ئەو رەزامەندییەی پنتاگۆن بە فرۆشتنی ئەو سیستەمە دژە مووشەکییە بە سعودیە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە چەندین گرێبەستی کڕینی چەکی پێشکەوتووی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای رووسیا، لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، واژۆ کرد.






باسنيوز
Top