سەرۆکی ئەمریکا: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئێران نەما

 سەرۆکی ئەمریکا: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئێران نەما
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەماوە.



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، کە ئەو مووشەکە کیشوەربڕەی ئێران تاقی کردەوە، دەتوانێ بگاتە ئیسرائیل.



دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رژێمی ئێران لەگەڵ کۆریای باکوور کار دەکات بۆ پەرەپێدانی چەکە ناوەکییەکانی.



سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی (خورەمشەهر) لەلایەن سوپای ئێرانەوە، رێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکا و ئێران بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، ”هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نەما“.



رۆژی شەممە 23/9/2017، سوپای ئێران رایگەیاند، مووشەکی کیشوەربڕی خوڕەمشەهری بە ”سەرکەوتوویی“ تاقی کردووەتەوە، کە دوو هەزار کیلۆمەتر بڕ دەکات و و دەتوانرێ چەندین جۆر کڵاوی ناوەکی و سەربازی لێ ببەسترێ.



رۆژی سێشەممە 14ـی تەمموزی 2015، نوێنەرانی ئێران و وڵاتانی 5+1، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا رێککەوتنیان راگەیاند، کە بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن بەرامبەر دەستبەرداربوونی ئێران لە بەرنامەی چەکی ناوەکی.



باسنیوز
Top