تورکیا داوا دەکات پرسی ڕیفراندۆم ببرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

 تورکیا داوا دەکات پرسی ڕیفراندۆم ببرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق تاوتوێ بکات.

مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) ڕای گەیاندووە، تورکیا ئامادەیە نێوەندگیریی لەنێوان هەولێر و بەغدا بکات بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بگات بە مافە دەستوورییەکانی.

مەولود چاویشئۆغڵو نیگەرانیی وڵاتەکەی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق نەشاردووەتەوە و بۆ ئەمەش پەنای بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە: “ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەتوانێ ڕۆڵ بگێڕێ لە ڕاگرتنی ریفراندۆمی کوردستان“.

وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هەوڵی راگرتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بدەن و چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە.

ئەو هەڵوێستە نوێیەی مەولود چاویشئۆغڵو بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ڕێگریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، ئەرکی تورکیا نییە، بەڵکو وەک چاودێران باسی دەکەن، ”تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە“.

پێشتر چەندین جار مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم رەتیان کردووەتەوە ریفراندۆم دوا بخەن یان رەتی بکەنەوە و لە کۆبوونەوەکانیشیاندا لەگەڵ شاندی باڵای وڵاتان، داوای گەرەنتیی نووسراو و دیاریکردنی ماوەیەک بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

ھەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7/6/2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنيوز
Top