سعودیە مەرج بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەنییەکانی لەگەڵ ئێران دادەنێت
عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە، رایگەیاند، کە هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران ئەنجام نەدراوە و ئەوەی تا ئێستاش کراوە، لەبارەی رێوڕەسمێکی ئایینی بووە، کە بریتی بوو لە حەج.
عادل جوبەیر هەروەها رایگەیاند، کە ئەگەر ئێران بیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە ئاسایی بکاتەوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە پێشوازیی لێ دەکەن، بەڵام ”بەو مەرجەی ئێران دەست لە پالپشتیکردنی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی، بهێنێت“.
وەزیری دەرەوەی سعودیە پێی وایە سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە، کە لە ئێران دەژین، فەرمانی ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستییان لە سعودیە داوە.
سعودیە، کە نوێنەرایەتیی موسڵمانانی سوننەمەزهەبی جیهان دەکات، ئێران، کە نوێنەرایەتیی موسڵمانانی شیعەمەزهەب دەکات، بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان، بەحرێن و یەمەن و پاڵپشتیکردنی گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن تۆمەتبار دەکات.
باسنیوز