ئێران هه‌مان قسه‌ى گرووپى (نه‌خێر) ده‌كات
له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ (ئیریك شوالیه) ڕاوێژكارى دیپلۆماتى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، (حسێن ئه‌میر عه‌بدولهیان) ڕاوێژكارى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شووراى ئێران بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى، ڕای گه‌یاند: "ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان، قه‌یرانێكى نوێ دروست ده‌كات".
ئه‌و ڕاوێژكاره، هاوشێوى بۆچوونه‌كانى گرووپى (نه‌خێر) كه له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه پرسى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان هاوكار نابێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت هۆى دروستبوونى قه‌یرانێكى نوێ.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ڕاوێژكاره ئێرانییه‌كه نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕى له دۆخى ناوچه‌كه به گشتى، به‌تایبه‌ت ڕووداوه‌كانى یه‌مه‌ن ، هه‌روه‌ها هشداری دا له "مه‌ترسییه گه‌وره‌كه" كه له فراوانبوونى گۆڕه‌پانى تیرۆر له باشوورى یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان و لیبیا و سووریا درووست بووه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌چه‌ند خاڵێك له پێشهاته‌كانى سووریا و ئاینده‌ى ئه‌و وڵاته باس كرد.
له‌به‌رامبه‌ردا ڕاوێژكاره فه‌ڕه‌نسییه‌كه، گوتی: "هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر تیرۆر ڕوونه و ئێمه دژ به گرووپه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان ده‌وه‌ستینه‌وه، ئه‌گه‌ر له سووریا بێت یان یه‌مه‌ن یان ناسه‌قامگیرى له عێراق و لوبنان".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه فه‌ڕه‌نسا پشتیوانى سه‌روه‌رى عێراق ده‌كات. به بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئاماژه‌یه‌ك یان نیگه‌رانى به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان ده‌رببڕێت.
لێدوانى ڕاوێژكاره ئێرانییه‌كه له‌كاتێكدایه كه له هه‌رێمى كوردستاندا گرووپێك به ناوى گرووپی (نه‌خێر) له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید و تاقمه‌كه‌ى بۆ دژایه‌تیكردنى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كه له 25/ 9/ 2017 له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، دروست كراوه.
باسنيوز