وەزیری دەرەوەی سعودیە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێ هیوا دەکات

 وەزیری دەرەوەی سعودیە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێ هیوا دەکات
وەزیری دەرەوەی سعودیە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێ هیوا دەکات و دەستبەرداری داوایەکی پێشووی خۆی دەبێت.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (رووسیەلیەوم)، عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای راگەیاندووە، بە دوای چارەسەرێکی دیکە بۆ دۆخی سیاسیی و سەربازیی وڵاتەکەیاندا بگەڕێن جگە لە لادانی بەشار ئەسەد لە پرۆسەی سیاسیی سووریا.



عادل جوبەیر هەروەها بە ئۆپۆزیسیۆنی سووری راگەیاندووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ”لە قۆناغی یەکەمی گواستنەوەدا لەسەر کار لاچوونی بەشار ئەسەد رێی تێناچێت“.



وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا واز لە بیرۆکەی رەتکردنەوەی مانەوەی ئەسەد نەبێت، ئەوا وڵاتانی جیهان بەدوای چارەسەرێکی دیکە بەبێ ئاگاداریی و ئامادەبوونی ئۆپۆزیسیۆن، دەکەنەوە.



پێشتر سعودیە و ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام رایاندەگەیاند، کە لە قۆناغی چارەسەربوونی کێشەکانی سووریا، بەشار ئەسەد جێگای نابێتەوە و دەبێت لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی دوور بکەوێتەوە.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.





باسنيوز
Top