گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌ستیپێكرد

گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌ستیپێكرد
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌ستیپێكرد، كه‌ گه‌ڕێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌و سه‌رۆكێكی‌ نوێ بۆ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت.

كێبڕكێكه‌ی‌ ئه‌مڕۆ لەنێوان ئیمانوێل ماكرۆن كاندیدی حزبی "بۆ پێشەوە" ومارین لوپان لە حیزبی بەرەی نیشتمانی راستڕەوی فەرەنسادایه‌.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی فەرەنسا، بەگرنگترین هەڵبژاردن دادەنرێت لە چەند دەیەی رابردوودا كە دوو بۆچونی تەواو دژبەیەك لە ئارادان سەبارەت بە ئەوروپا و پێگەی فەرەنسا لەجیهاندا كە لە"مەترسیدایە".

لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەرەنسادا كە رۆژی 23ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو،هەریەك لە ماكرۆن و لوپان سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

حیزبی بەرەی نیشتمانی لوپان دەڵێت سنوورەكان دادەخات و دەستبەرداری یۆرۆ دەبێت، لەكاتێكدا ماكرۆنی كاندیدی حزبی "بۆ پێشەوە"، خوازیاری لە نزیكەوە هەماهەنگی كردنە لەگەڵ ئەوروپا و ئابوریەیەكی كراوەیە.

چوار راپرسی نوێ دەریانخستووە، ماكرۆن رێژەی لە %62ی دەنگەكان لەگەڕی دووەمدا، و لوپان رێژەی %38 بەدەستدەهێنن.

بەگوێرەی سەرپەرشتیارانی ئەو راپرسیانە، بەرزبونەوەی ئاستی دەنگەكانی ماكرۆن بەهۆی دەركەوتنی بەهێزی دەگەرێتەوە لە دواهەمین دیبەت و دیداری تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ لوپانی ركابەری كە رۆژی 3ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

هەردوو كاندید لەو دیبەیتە تەلەفزیۆنیەدا كە زیاتر لە 2 كاتژمێری خایاند، رەخنەی توندیان ئاراستەی یەكتر كرد، و باسیان لە دۆسیه‌كانی تیرۆرو ئابوری و یەكێتی ئەوروپا كرد.

بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، دوای ئەنجامدانی دیبەیتەكە بیرورای بینەران زیاتر لەبەرژەوەندی ماكرۆندا بووە لەناو زۆربەی چین و توێژەكاندا، و لە %63 پێیان وابووە قسەكانی كاندیدی حزبی "بۆ پێشەوە " زیاتر پەسەندكراو بوون وەك لەركابەرەكەی.

هەروەك بەگوێرەی دوواهەمین راپرسی كە دامەزراوەی (ئۆدۆكسا) ئەنجامیداوە،رێژەی یەك لەسەر چواری دەنگدەرانی فەرەنسا، بەشداری گەڕی دووەمی دەنگدان ناكەن، زۆرینەی ئەوانەش كە بەنیاز نین بەشداری بكەن "چەپەكانن" كە لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كانیدەكانیان شكستیان هێنا.








خه‌ندان
Top