دەرهێنەرێکی ئێرانی لە تارانەوە: حزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆریستییە

 دەرهێنەرێکی ئێرانی لە تارانەوە: حزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆریستییە
دەرهێنەر و کەسایەتییەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێرش دەکاتە سەر رژێمی وڵاتەکەی و رایدەگەیەنێت، حزبوڵڵای لوبنانی ”رێکخراوێکی تیرۆریستییە“.

محەمەد نوریزاد، دەرهێنەری سینەمایی و ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەوە رایگەیاندووە، هەر ژنێکی ئێرانی ناچار بێ لەشفرۆشی بکا، ئەوا ”بەهۆی ناردنی ئەو بڕە پارە زۆرانەیە، کە ئێران بۆ میلیشیای حزبوڵڵای دەنێرێت“.

محەمەد نوریزاد لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵێکی یوتیوبی ئاماژەی بە کردە تیرۆریستییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی قاعیدە، داعش و بۆکۆ حەرام کردووە و رایگەیاندووە، ئەو کردە تیرۆریستییانە ئەنجامی ”هەناردەکردنی مەزهەبی شیعەیە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بۆ جیهان“.

ئەو کەسایەتییە ئێرانییە پێیوایە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979، لە هیچ کوێیەکی جیهان لە نێوان موسڵمانانی شیعە و سوننەمەزهەب شەڕ رووی نەداوە و یەک بابەت نییە ”لە ناوچەکە“، ئێران دەستی تێوەرنەدابێت.

محەمەد نوریزاد میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی بە ”رێکخراوێکی تیرۆریستی“ ناودەبات و رایگەیاندووە، حەسەن نەڕوڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی ”بکوژە“، بەهۆی ئەوەی هاوشانی رژێمی سووریا، بەشدارە لە کوشتن و سەرکوتکردنی خەـلکی سووریا.

ئەو دەرهێنەرە سینەماییە، کە لە ساڵی 2005ـەوە و دوای دروستبوونی رەوتی سەوز (جنبش سەبز) بووەتە ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئێران و چەندین جار دەستگیر کراوە و ئەشکەنجە دراوە.








باسنيوز
Top