ئۆباما بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماکرۆن دەكات

ئۆباما بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماکرۆن دەكات

باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بانگەشە بۆ ئیمانۆیل ماكرۆن كاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا دەكات و داوا لە فەرەنسیەكان دەكات دەنگی پێبدەن.


سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بانگەوازی پشتیوانی بۆ ئیمانوێل ماکرۆن کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا کرد.


لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئۆباما ھاوسۆزی خۆی بۆ گەلی فەڕەنسا دەربڕی و رایگەیاند "ھەڵبژاردنەکانی فەرەنسا بۆ ئایندەی فەرەنسا و بەرگریکردن لە بەھاکانی زۆر گرنگە".


سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بە کەمپینی ماکرۆن لە ھەڵبژاردنەکان کرد و گوتی "ماکرۆن بەرگری لە بەھاکانی لیبڕاڵ کرد و رۆڵی گرنگی فەرەنسای لە یەکێتی ئەورووپا و گشت جیھان خستەڕوو".


ئۆباما جەختی لەوەش کردەوە کە ماکرۆن لە جیاتی ترسی دەنگدەران ئاماژەی بە ئومێدەکانیان کردووە و گوتیشی "دەمەوێ بزانن کە بۆ بەرەوپێشچوونی ئێوە، من پشتیوانی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم".


باراک ئۆباما قسەکانی بە دروشمی ماکرۆن کە دەڵێ "بژی فەرەنسا"، کۆتایی پێ ھێنا.


لە خولی یەکەمی ھەڵبژارنی سەرۆکایەتی فەرەنسادا کە لە ٢٣ی نیسان ئەنجام درا، ھیچ یەک لە ١١ پاڵێوراوەکان نەیانتوانی زۆرینەی رەھای دەنگەکان بەدەست بھێنن.


ئیمانۆیل ماکرۆن پاڵێوراوی پارتی رێپێوان، بە بەدەستھێنانی لە سەدا ٢٤.١ دەنگەکان و مارین لو پێن بە بەدەستھێنانی لەسەدا ٢١.٣٠٠ی دەنگەکان لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکاندا کە لە ٧ی ئایاردا بەڕێوە دەچێت، کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری فەڕەنسا.
bas news-
Top