ئەسەد پشتگیریی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا دەکات

 ئەسەد پشتگیریی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا دەکات
رووسیا هەوڵی بەرقەرارکردنی چوار ناوچەی ئارام لە سووریا دەدات و رژێمی سووریاش پرۆژەکە قبووڵ دەکات.



لە رۆژی چوارشەممە 3.5.2017، لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بە سەرپەرشتیی رووسیا، تورکیا و ئێران کۆ بوونەوە و گفتوگۆکان رۆژی پێنجشەممەش بەردەوام دەبن.



رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا رەزامەندیی لەسەر ئەو پێشنیازەی رووسیا نیشانداوە بۆ راگرتنی شەڕ لە چوار ناوچەی وڵاتەکەی، بەڵام راگرتنی شەڕ گرووپە تیرۆریستییەکان ناگرێتەوە.



لە کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی ئاستانە، بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەهۆی ”بەردەوامیی بۆردومانکردنی بارەگاکانیان لەلایەن رژێمی سووریاوە“، بەشداریی کۆبوونەوەکانیان نەکرد.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسی دیکە.




باسنیوز
Top