شازادەیەکی سعودیە: شەڕی ئێران دەبەینە ناو ئەو وڵاتە

 شازادەیەکی سعودیە: شەڕی ئێران دەبەینە ناو ئەو وڵاتە
شازادەیەکی سعودیە رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و شەڕەکەش دەباتە ناو خاکی ئەو وڵاتە.



رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی جێنشینی سعودیە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.



محەمەد بن سەلمان پێیوایە سیستەمی حوکمڕانیی ئێرانی ”لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیی توندڕەو کۆنتڕۆلکردنی موسڵمانانی جیهان بونیاد نراوە“ و ئامانجی یەکەمی ئێرانیش دەست بەسەرداگرتنی رووگە (قیبلە)ی موسڵمانانە لە سعودیە، کە دەسەڵاتی سعودیە ”چاوەڕێ ناکات شەڕ بگاتە سعودیە، لە ناو ئێران شەڕەکە دەکەین“.



شازادەی جێنشینی جێنشینی سعودیە هەروەها رایگەیاندووە، ئێران هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی موسڵمانانی جیهان دەدات لەرێی بڵاوکردنەوەی هەردوو ئایینزای جەعفەری و 12 ئیمامیی شیعەکان، ”تاوەکو مەهدی مونتەزەر پەیدا دەبێت“.



محەمەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو کاتەی سعودیە کێشەیەکی لەگەڵ وڵاتێکدا دەبێت، هەوڵ دەدەن لە رێگای سیاسیی و ئابوورییەوە چارەسەری بکەن، بەڵام لەبارەی ئێرانەوە دەپرسێت ”گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لەگەڵ کێ بکەین؟ لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێ زەمینەسازیی بە دەست بەسەرداگرتنی قیبلەی موسڵمانان بۆ پەیدابوونی ئیمامی مەهدی بکەن“.



بە گوتەی ئەو شازادە سعودیە، دەسەڵاتی ئێران ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ ”گەلی خۆی لە گەشەکردن بێ بەش کردووە و برسییەتی بۆ گەلەکەی هێناوە“ تاوەکو ئامانجەکەی خۆی بپێکێت.







باسنیوز
Top