بەشار ئەسەد داوای هاوکاریی لە حەشدی شەعبی دەکات

 بەشار ئەسەد داوای هاوکاریی لە حەشدی شەعبی دەکات
سەرۆکی رژێمی سووریا داوای هاوکاریی لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب دەکات.

رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2016، هادی عامری، فەرماندەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە چەکدارانی میلیشیاکەی دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ، بۆ راوەدونانی داعش دەچنە نێو خاکی سووریا.

هادی عامری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ نێو خاکی سووریا لەسەر داوای رژێمی بەشار ئەسەد و حکوومەتی سووریایە، کە داوای هاوکاریی لە میلیشیاکان کردووە لە شەڕی دژی داعش.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011، حکوومەت و حزب و میلیشیا شیعەکانی عێراق بە ناردنی چەکدار و هاوکاریی سەربازی، پشتیوانیی لە رژێمی سووریا دەکەن دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا.












باسنيوز
Top