سزای لەسێدارەدانی سەرۆکی پێشووی میسر رەت کرایەوە
رۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2016، دادگای تانەلیدانی میسری بڕیاری رەتکردنەوەی بڕیاری دادگای تاوانەکانی وڵاتەکەی بە لەسێدارەدانی دژی محەمەد مورسی و زیندانیکردن و لەسێدارەدانی 26 سەرکردەی دیکەی گرووپی ئیخوان موسلیمینی، دا.
عەبدولفەتاح سیسی، کە وەزیری بەرگریی میسر بوو، لە مانگی تەممووزی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسی، سەرۆک کۆمار و سەرکردەی باڵای ئیخوان موسلیمینی میسر کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای سەرکەوتنی عەبدولفەتاح سیسی، پەرلەمانی میسر یاسایەکی دەرکرد، کە تێیدا ئیخوان موسلیمینی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و دواتریش سعودیە و ئیمارات بە هەمان شێوە رێکخراوەکەیان بە تیرۆریست ناساند.
دادگای تاوانەکانی میسر سزای لەسێدارەدانی لە دژی محەمەد مورسی دا، بە تۆمەتی ”هەڵکوتانە سەر گرتووخانە“ و رفاندن و کوشتنی ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیسی میسری.
دادگای تانەلێدانی میسری، بەرزترین دادگای میسرییە و بارەگاکەی لە قاهیرەی پایتەختە، ئەرکی ئەو دادگایە چاوخشاندنەوە بە بڕیاری هەموو دادگاکانی میسرە و توانای رەتکردنەوە و دەستکاریکردنی بڕیارەکانی بە شێوەیەکی کۆتایی، هەیە.
باسنيوز