رێككەوتنەكەی جەزائیر بە كردەوە شكستی هێنا

 رێككەوتنەكەی جەزائیر بە كردەوە شكستی هێنا
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك)، ئاستی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپێك لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا دیسان ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كردووە. چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێ، ئەوە بڕی نەوتی زیادەی بازاڕەكان لە 2017دا لەوەی ئەمساڵیش زیاتر دەبێ و ئەوەش مانای داكشانی نرخی نەوتە.

بەپێی راپۆرتەكە، رێكخراوی ئۆپێك لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا 33.64 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا بەرهەمهێناوە، بەمەش ئاستی بەرهەمی رێكخراوەكە لە چاو مانگی ئەیلوول بە رادەی 240 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە. هەمان رۆژ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش راپۆرتی مانگانەی بڵاوكردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسەكە بەرهەمی نەوتی ئۆپێك لە مانگی تشرینی یەكەمدا بەبڕی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە و ئاستی بەرهەمی رۆژانەی رێكخراوەكەش گەیشتووەتە 33.38 ملیۆن بەرمیل. جیاوازیی ژمارەكانی ئۆپێك و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پەیوەندی بەو سەرچاوانەوە هەیە كە هەر كامیان داتاكانی لێ وەردەگرن.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی ئاستی دەرهێنانی نەوتی ئۆپێك بۆ ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان لە نایجیریا و لیبیا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی نەوتی ئێرانیش ئۆپێكی ئاگادار كردووەتەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە لە مانگی تشرینی یەكەمدا 210 هەزار بەرمیل لە مانگی پێشتر بەرزتر بووە و ئاستی بەرهەمی رۆژانەی ئێران گەیشتووەتە 3.92 ملیۆن بەرمیل، بەمەش بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە، نەك 240 هەزار.

ئەمە یەكەمجار نییە داتا و ژمارەكانی ئۆپێك مشتومڕ دروست دەكات. مانگی پێشوو عێراق و سعودیە رایانگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانیان لەوە بەرزترە كە لە راپۆرتەكەی مانگی ئەیلوولی ئۆپێكدا هاتبوو. هۆكاری ئەم كێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئۆپێك لە راپۆرتەكانی خۆیدا پشت بە دوو جۆر سەرچاوە دەبەستێت، یەكەمیان ئەو داتا و راپۆرتانەیە كە ئۆپێك لە وڵاتانی ئەندامەوە بەدەستی دەگات، سەرچاوەی دووەمیشیان داتا و ژمارەكانی میدیاكان و ناوەندەكانی توێژینەوەی پیشەسازیی نەوتە.

بەرپرسانی ئۆپێك رەخنەی ئەوە لە وڵاتانی ئەندام دەگرن كە ژمارەی ورد رادەستی رێكخراوەكە ناكەن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێ ئاستی بەرهەمهێنانیان لە پێش كۆبوونەوەكەی 30ی ئەم مانگە بەرزتر لەوەی هەیە دیار بێ.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش رەخنەی لە راپۆرتەكەی ئۆپێك گرتووە و رایگەیاندووە وڵاتەكەی لە مانگی تشرینی یەكەمدا رۆژانە 4.77 ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێناوە، ئەمەش 210 هەزار بەرمیل زیاترە لەو ژمارەیەی ئۆپێك لە سەرچاوە دەستی دووەكانەوە وەریگرتووە.

بەپێی راپۆرتەكەی ئۆپێك، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەم رێكخراوە لە مانگی رابردوودا 1.3 بۆ 1.5 ملیۆن لە ئاستی بەرهەمی رۆژانەی ساڵی پار بەرزتر بووە، پێشبینیش دەكرێ داواكاری لەسەر نەوت، لە ساڵی 2017 بە بڕی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بێ.

ئۆپێك هۆشداری دەدات كە ئەگەر ئەندامانی رێكخراوەكە لەسەر ئەم ئاستەی بەرهەمهێنانی ئێستایان بەردەوام بن، ساڵی داهاتوو 950 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە بازاڕەكان زیادە دەمێنێتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە گەشبینانەتر سەیری رەوشەكە دەكات، بۆیەش پێشبینی دەكات زێدەباری نەوتی ئۆپێك لە بازاڕەكان لە 2017 دا نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە بازاڕەكان زیاد بێ‌.

ئەم ژمارانە مەترسی گەورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دروست دەكەن كە ئەندامانی ئۆپێك لە كۆتایی مانگی ئەیلوول دەریانكرد. بەپێی بڕیارەكە، ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی رێكخراوەكە بۆ نێوان 32.5 ملیۆن بەرمیل یان 32 ملیۆن بەرمیل دادەبەزێنێ. ئێران، لیبیا، نایجیریا و عێراق لەبەر هۆكاری جیاواز داوا دەكەن ناویان لە لیستی جێبەجێكارانی بڕیارەكە رەش بكرێتەوە. بڕیاریشە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك رۆژی 30ی تشرینی دووەم لە ڤیەننا كۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕیارەكە ببێ بە رێككەوتن.

بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ئەو كۆبوونەوەیەش، دوو دانیشتنی دیكە بەڕێوەدەچن. یەكەمیان رۆژی 25ی مانگ لە نێوان شارەزایانی ئۆپێك بەڕێوەدەچێ. دانیشتنی دووەمیش لە نێوان ئۆپێك و ژمارەیەك لە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك دەبێ.

راپۆرتەكانی ئۆپێك و ئاژانسی نێودەوڵەتی و سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر نرخەكانی نەوت دانا، بەجۆرێك رۆژی هەینی رابردوو نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە رێژەی 2.4% شكا، بەم پێیەش نرخەكانی نەوت هەتا 44.75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی.

چاودێر و شارەزایانی بازاڕی نەوت جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بازرگانەكان بێ هیوابوون لەوەی ئۆپێك لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رێكبكەوێ، یان ئەگەر رێكیش بكەوێ كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر ئەو نەوتە زیادەیە دانانێ كە وڵاتانی ئۆپێك خۆیان یەكێك لە سەرچاوەكانین.

دەیڤید تۆمپسن، بەڕێوەبەری كۆمپانیای راوێژكاریی وزەی (پاوەر هاوس) بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند "راستیەكەی ئەوەیە كە ئۆپێك پێش بڕیارەكەی جەزائیریش نەوتی زیادەیان بەرهەم دەهێنا، ئێستاش ژمارەكان جارێكی دیكە بەرز بوونەتەوە، بۆیە ئەستەمە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان كاریگەرییەكی گەورە دروست بكات".

جۆن كێمپ، چاودێری بازاڕەكانی نەوتیش لە رۆیتەرز، پێیوایە بڕیارەكەی جەزائیر هەتا ئێستا كاریگەریی نێگەتیڤی داناوە، چونكە هەڵسوكەوتی وڵاتانی ئەم رێكخراوە پێچەوانەی ئەو شتەیە كە بڕیارەكەی جەزائیر دەیخوازێت.

بە بۆچوونی كێمپ "هەر كام لە وڵاتان دەیانەوێ بەر لە كۆبوونەوەكەی 30ی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی خۆیان بۆ زیاترین ئاستی مومكین بەرزبكەنەوە"، یان ژمارە و داتای خەیاڵی پێشكەش بە ئۆپێك بكەن. لەم رێگەیەشەوە كاریگەریی رێككەوتنەكە لەسەر وڵاتەكەیان كەم بكەنەوە، هەر ئەمەش وا دەكات "رێككەوتنەكەی ڤیەننا بەرلەوەی واژۆ بكرێ، شكست بهێنێ".







رووداو
Top