11 وڵات سکاڵایان لەدژی ئێران تۆمار کرد

 11 وڵات سکاڵایان لەدژی ئێران تۆمار کرد
11 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دوێنێ دووشەممە 2016 -11 -14 لە نامەیەکدا بۆ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە "پاڵشتی تیرۆریزم"ە و دەستیوەردانی کاروباری ناوچەکە دەکات.



بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ئەسەوشیەیتدپرێس) لەو نامەیەدا ئاماژە بە ڕۆڵێ ئێران لە دەستێوەردانی وڵاتان و ناسەقامگیریی ولاتانی کەنداو، هەروەها پشتیوانی لە میلیشیا شیعەییەکانی (حووسی)ی یەمەن، حیزبوڵای لوبنان، حەماسی فەلەستین و پشتیوانی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد و دروستکردنی (حەشدی شەعبی) لە عێراق کراوە.



واژۆکارانی ئەو نامەیە هەروەها ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە کە پاڵپشتی لە (گرووپ و تاقمە تیرۆریستی)یەکان لە وڵاتانی بەحرەین، عێراق، کوێت، سعوودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکات.



نامەی ئەو 11 وڵاتە لەدژی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی عەباس یەزدانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە کەلە دانیشتنی وەزیرانی کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوە خراونەیە بەرباس.



یەزدانی لە کاردانە بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیمارات گوتبووی "بەرپرسی وڵاتێک کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی هەر ڕۆژە خەڵکی سڤیل و بێتاوانی یەمەن بۆردومان دەکات، خەریکە ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان تۆمەتبار دەکات."



نوێنەری ئێران باسی لەوەش کردبوو "ئەم بانگەشەیە پێکەنیناوی و چەواشەکارانەیە، وڵاتێک کە چەند دەیەیە خاکی خۆی بۆ پەروەردەی بیری توندوتیژی و هەڵگەڕاوەکان لە دین تەرخان کردووە، لە تریبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیران بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچە تۆمەتبار دەکات."








باسنيوز
Top