تورکیا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی لە گەشتکردن بۆ ئەمریکا
لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2016 میدیا تورکییەکان بڵاویان کردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕازییەکان بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ”مەترسی و دڵەڕاوکییە کۆمەڵایەتییەکان“ لە ئەمریکا روو لە زیاد بوونن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەکەیدا، کە پەیامی هۆشدارییە و ئاراستەی هاووڵاتییانی تورکیای دانیشتوو لە ئەمریکا و گەشتیارانی تورکیای کردووە، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئاگاداری خۆیان بن.
ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوای چەند هۆشدارییەکی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە تورکیا دێت، کە داوایان لە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە تورکیا کردبوو ئاگاداری خۆیان بن و نەچنە شوێنە گەشتیارییەکان.
رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2016، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە تێیدا هیلاری کلینتۆن، کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان رکابەریی یەکتریان دەکرد و رۆژی چوارشەممە 9ـی تشرینی دووەمیش لە ئەنجامە بەراییەکاندا دەرکەوت، دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ژمارە 45ـی ئەمریکا.
لە چەند رۆی رابردوودا و بەهۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپەوە، لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئەمریاەوە، لایەنگرانی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی سەرکەوتنی ترەمپ، خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدەن و لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکانیش، توندوتژی کەوتووەتەوە.
باسنيوز