دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا

دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا
سەرۆکی ئەمریکا بەپێچەوانەی بەشێک لە وڵاتە دیموکراسییەکانی دیکەی جیهان، خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە کە هەم سەرۆکی وڵات و هەم سەرۆکی حکومەتیشە. سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە ماددەی دووی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێناسەکراوە.

سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەو بڕیار و یاسایانەی هەیە کە لە ئەمریکا دەردەچن، دەتوانێت فەرمان بە جوڵاندنی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بکات، داوای کۆبوونەوەی کۆنگرێس بکات، دەسەڵاتی سزادان و دەرکردنی لێبوردنی تایبەتی هەیە، هەروەها دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران پەیمانمامە لەگەڵ وڵاتانی دیکە واژۆبکات، بەڵام دەبێت پەیمانامەکە دواتر لەلایەن دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران پەسەند بکرێت.

بەپێی دەستوور سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا و هەندێک لە بەرپرسی دیکەی پلەباڵای ئەمریکا بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران دەستنیشانبکات.

دەسەڵاتی جێبەجێکردن:

دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری نیشتمانی و حکومەت دەتوانێت یاسا و رێنمایی تایبەت بە بەڕێوەبردنی حکومەت و کاروباری تایبەت دەربکات (executive orders). ئەم یاساو رێنمایانە پێویستیان بە رەزامەندی کۆنگرێس نیە.

راپۆرتی ساڵانەی بودجە ئامادە دەکات، بەڵام پێویستە کۆنگرێس راپۆرتەکە پەسەند بکات
وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لەکاتی شەڕدا دەتوانێت فەرمان بە جوڵاندنی هێز بکات، بەڵام مافی هەڵگیرساندنی جەنگی نییە. لەکاتی شەڕدا کۆنگرێس دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆک فراوانتر دەکات و دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس بڕیاری سەربازی دەربکات، بەڵام لەکاتی ناردنی سەرباز بۆ وڵاتێکی بیانی دەبێت لە ماوەی 48 کاژێردا کۆنگرێس لە ناردنی هێزەکە ئاگادار بکاتەوە و ئەگەر بێتو مانەوەی هێزەکە زیاتر لە 60 رۆژ بخایێنێت، پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس دەبێت.

دەسەڵاتەکانی تایبەت بە یاسا دانان:

سەرۆک چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە کاتێک کۆنگرێس پرۆژە بریارێکی دەخاتە بەردەم وەک: ئەگەر لاری لەسەر پرۆژە یاساکە نەبێت، واژۆی دەکات و یاساکە جێگیر دەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و تێبینی لەسەر پرۆژە یاساکە هەبێت، مافی ڤیتۆکردن و گەڕاندنەوەی یاساکەی بۆ کۆنگرێس هەیە، بەڵام پێویستە تێبینییەکانی بە کۆنگرێس رابگەیێنێت.

سەرۆک دەبێت یان هەموو پرۆژە یاساکە پەسند بکات، یانیش دەبێت کۆی پرۆژەیاساکە رەتبکاتەوە. ئەگەر سەرۆک بۆ ماوەی دە رۆژ دوای پێگەیشتنی پرۆژە یاساکە واژۆی لەسەر نەکرد، ئۆتۆماتیکی یاساکە بەبێ واژۆی سەرۆک جێگیردەبێت.

کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران بە دەنگی دوو لەسەر سێ مافی پوچەڵکردنەوەی ڤیتۆکردنی سەرۆکیان هەیە . هەروەها سەرۆک مافی پێشنیازکردنی پرۆژە یاسای بۆ کۆنگرێس هەیە و لەکاتی باری نائاسایی مافی کۆتایی هێنانی هەیە بە پشووی کۆنگرێس.

دەسەڵاتەکانی دەستنیشانکردن

سەرۆکی ئەمریکا چەند دەسەڵاتێکی دەستنیشانکردنی هەیە

کاتێک سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، بەر لە چوونی بۆ کۆشکی سپی، دەبێت نزیکەی 6000 هەزار کەس بۆ چەند پۆستێکی حکومی دیاربکات، وەک دەستنیشانکردنی سکرتێرانی سەرۆک (وەزیر)، بەرپرسی ئاژانسەکانی حکومەت، ستافی کۆشکی سپی، بەشێک لەو کەسانەی کە لەلایەن سەرۆک دیاردەکرێن، بە تایبەتیش پۆستە هەستیارەکان، پێویستە بە رەزامەندی و هەروەها راوێژی ئەنجوومەنی پیران بێت.

دەسەڵاتی دیارکردنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی هەیە، بەڵام بە رەزامەندنی ئەنجوومەنی پیران.

گۆڕانکاری لە سەرۆکی CIA و بەرپرسانی ناسا نەریتێک نییە کاتێک سەرۆکی نوێ دەچێتە کۆشکی سپی، بەڵام دەتوانێت هاوکار و راوێژکارەکانی دەستنیشانبکات.

لە سالی 1995یشەوە، سەرۆک دەبێت ساڵانە راپۆرتی تایبەت بە ناوی ستافەکەی لە کۆشکی سپی و هەروەها مووچەی ساڵانەیان پێشکەش بە کۆنگرێس بکات. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2011ەش، کۆشکی سپی 454 کارمەندی هەیە.

دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کاروباری دەرەوە

بەپێی دەستووری ئەمریکا، رێکخستنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا لە دەسەڵاتی سەرەکی سەرۆکدایە.

سەرۆک دەتوانێت، باڵیۆز، وەزیر، کۆنسوڵ (بە رەزامەندی کۆنگرێس) دەستنیشانبکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری دەرەوە، سەرۆک پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی وڵاتانی بیانی رێکدەخات و بەڕێوەدەبات.

سەرۆک مافی هەیە بەشداری لە لووتکە، کۆبوونەوەی باڵا، کۆنفرانس و هەروەها کۆڕبەند لەسەر ئاستی جیهانی بکات و هەروەها کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان لە پەراوێزی لووتکە و کۆنفرانسەکان ئەنجامبدات و پرسی هەستیاریان لەگەڵ تاوتوێبکات.

سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە شاندی دانووستاندنکار بۆ بەستنی پەیمان، یانیش رێککەوتن لەسەر پرسێکی دیاریکراو لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا بکات، بەڵام دوای ئەنجامدانی رێککەوتنەکە پێویستە لەلایەن دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیران دەنگی بۆ بدرێت.



رئداو
Top