سووریا یان تورکیا یان یەپەگە دەچنە ناو ئەلبابەوە؟

 سووریا یان تورکیا یان یەپەگە دەچنە ناو ئەلبابەوە؟
لە رووی مێژووییەوە شارۆچکەی دابیق گرنگییەکی زۆری بۆ ئیسلام و مەسیحی و جوولەکە ھەیە، چونکە بەگوێرەی ھەر سێ ئایین بێت، کۆتایی دنیا لە دابیقەوە دەست پێ دەکات و شەڕی گەورەی کۆتایی دنیا لەوێ سەرھەڵدەدات. ئەو شارۆچکەیە ١٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورە، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکانیش لە ساڵی ١٥١٦ عوسمانییەکان لەگەڵ مەملووکەکان دەکەونە شەڕێکی گەورەوە و پاشان عوسمانییەکان دەتوانن دابیق داگیر بکەن.

حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (قەڵغانی فورات)ـدا کە لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد بۆ ناو خاکی سووریا ئەنجامی داوە، توانی دابیق بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیایش ئاماژەی دا ئیدی نۆرەی ئازادکردنی ئەلبابە. لەبەرامبەردا سوپای سووریای دیموکرات کە بەشێکی زۆری ئەو سوپایە سەر بە یەپەگەن، دەیانەوێت بەر لە تورکیا ئەلباب لە دەستی داعش دەربھێنن و لەوێوە کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێ بە یەکترییەوە ببەستنەوە.

پرسیار ئەوەیە، ئایا رژێمی سووریا، یان تورکیا، یان یەپەگە، کامیان دەتوانن بچنە ناو ئەلباب و بیخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە؟ رۆژنامەی (باس خەبەر) راپۆرتێکی لەو بارەیەوە ئامادە کردووە.

رۆژنامەنووس ئوفوک ئولوش تایبەت بۆ (باس خەبەر) ئاماژە دەدات، چارەنووسی مووسڵ دوای ئازادکردنی لە دەستی داعش نادیارە، بۆیە تورکیا نایەوێت ئەلبابیش بە ھەمان شێوەی مووسڵ بچێت و لە ئێستاوە پلانی بۆی داناوە، ھەروەکو چۆن بۆ جەرابلوسی دانابوو.

بەگوێرەی گوتەی ئولوش، تورکیا توانی جەرابلوس لە دەستی داعش دەربھێنێت و چۆنی بووێت بەو شێوەیە ژیانی تێدا دروست بکات، بۆیە دەیەوێت بۆ ئەلباب و دابیقیش بە ھەمان شێوە خۆی رابەر بێت و نایەوێت ھەڵەی مووسڵ دووبارە بکاتەوە کە لە دەست تورکیا دەرچووە.

ئەو دەڵێت: "ئازادکردنی ئەلباب لە دەستی داعش، ھێڵی نێوان شاری کیلیس و غازی عەنتاب بە تەواوەتی لە رووی ئەمنییەوە ئارام دەبێت و مەترسیی لەسەر نامێنێت، بۆیە تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدات. دەمەوێت ئەوەیش بڵێم، لەدوای ئەلباب ئیدی تورکیا بەرەو مەنبەج پێشڕەوی دەکات، چونکە لەوێش دەیەوێت یەپەگە نەھێڵێت و بە تەواوەتی ئەو ناوچانە لە داعش و یەپەگە پاک بکاتەوە، بۆیە جگە لە تورکیا ھیچ لایەنێکی دیکە ناچێتە ناو ئەلبابەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی وایە، دابیق بۆ گرووپی تیرۆرستیی داعش زۆر ستراتیژی نەبووە، بۆیە بەبێ شەڕکردن چۆڵی کرد، بەڵام ئەستەمە ئەلباب بەئاسانی رزگار بکرێت و داعش بەرگرییەکی زۆر دەکات.

بەگوێرەی ئەو شارەزاییەی حوسنی مەحللیی رۆژنامەنووسی سووری ھەیەتی لەسەر سیاسەتی سووریا و جیۆپۆلیتی سووریا، خەڵکی ئەلباب زۆر دواکەوتوون، تەنانەت ٤٠ ساڵ لەدوای خەڵکی سووریان لە رووی سۆسیۆلۆژییەوە، بۆیە زۆر ئەستەمە تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بتوانن لە ئەلباب بمێننەوە، بەڵام دەتوانن ئەو شارە وەکو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت ژیانی تێدا بەردەوام بێت و ھەروەھا لە خۆیان زیاتر ھیچ لایەنێک نەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.

لەبارەی ئەلبابەوە باسی لە چەند سیناریۆیەکی دیکەیش کرد، ئەو پێی وایە رژێمی سووریا بۆ ئەوەی بتوانێت حەلەب بە تەواوەتی لە دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەربھێنێت و پاشان بەرەو رەققە پێشڕەی بکات، چاوی لەوەیە ئەلباب بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بۆیە سیناریۆیەک ھەیە بەوەی رژێمی سووریا بەر لە تورکیا بچێتە ناو ئەلبابەوە، ھەروەھا تورکیایش دەیەوێت بەر لە سووریا ئەلباب بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەمانەیش ھەمووی ئەگەرن و نازانرێت تا چەند دەبنە راستی.

نابێ ئەوەیش لەبیر بکرێت، یەپەگە ھەموو ئومێدێکی بە ئەلبابە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەستی داعشی دەری بھێنێت، پاشان کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێ بە یەکترییەوە ببەستێتەوە. بەڵام تورکیا بەئاشکرا بە ئەمەریکای گوتووە رێگە نادات یەپەگە بچێتە ناو ئەلبابەوە و ئەگەر ھەوڵێکی لەو شێوەیە ھەبێت، ئەوا​ تورکیا یارییەکە تێک دەدات.

















باسنيوز
Top