چەند كاتژمێرێكی دیكە هەڵبژاردنەكەی ئەمەریكا دەستپێدەكات‌و ڕاپرسییەكان لەبەرژەوەندی هیلاریە

چەند كاتژمێرێكی دیكە هەڵبژاردنەكەی ئەمەریكا دەستپێدەكات‌و ڕاپرسییەكان لەبەرژەوەندی هیلاریە

چەند كاتژمێرێكی دیكە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەستپێدەكات‌و زۆرینەی راپرسییەكانیش ئاماژە بەپێشكەوتنی هیلاری كلینتۆن دەكەن بەسەر دۆناڵد ترەمپدا.

دوو ساڵ كەمپینی چڕو توندی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا بەرەو كۆتایی دەچێت‌و بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 8:00ی بەیانی (بەكاتی هەولێر) هاوڵاتیانی ئەمەریكی لە 50 ویلایەتە جیاوازەكەوە بەدەنگەكانیان سەرۆكی نوێ بۆ زلهێزترین وڵاتی جیهان هەڵبژێرن.

زۆربەی راپرسییەكان كە لەلایەن دەزگاو میدیا جیاوازە ئەمەریكییەكانەوە ئەنجامدراون بەرێژەی جیاواز لەبەرژەوەندی كاندیدی دیموكراتەكان، هیلاری كلینتۆنن، بەڵام جیاوازییەكان هێند زۆر نییە كە بتوانرێت بە یەكلاكەرەوە دابنرێت.

دواین راپرسی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە هیلاری لەنێوان چوار بۆ پێنج لەسەدا لەپێش ترامپەوەیە.

هەروەها بەپێی راپرسی هەریەك لەكەناڵی ئەی بی سی نیوزو رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، هیلاری 46%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوەو ڕكابەرەكەشی 44%.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەمانگی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەكی بەرچاو لەراپرسییەكاندا هاتەخوارەوە ئەویش بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی ئابڕوبەرانە، بەڵام لەسەرەتای ئەم مانگەوە وردە وردە دەنگەكانی لەراپرسییەكەدا هەڵكشان دوای ئەوەی ركابەرەكەی بە قەیرانی ئاشكرابوونی ئیمەیڵەكانیدا تێدەپەڕی.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك لەئەمەریكا تاڕادەیەك ئاڵۆزەو دەتوانرێت لەهەمانكاتدا پێی بوترێت هەڵبژاردنی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش، بەشێوەیەك دەنگدەران لەهەر ویلایەتێك دەنگی خۆیان دەبەخشنە كۆمەڵێك نوێنەر كە پێیان دەوترێت "دەستەی هەڵبژێردراو".

هەر ویلایەتێك بەپێی ژمارەی دانیشتوانەكەی ژمارەی ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراوی بۆ دیاریی كراوەو دواتر ئەو دەستانە كە كۆی گشتییان دەكاتە 530 نوێنەر سەرۆكی نوێ هەڵدەبژێرن‌و هەر كاندیدێك پێویستی بە270 دەنگ هەیە بۆ بردنەوەی كورسییەكەی كۆشكی سپی.
XANDAN -
Top