"گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێنن"


گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا ماوەیەكە لە شەڕدا سوود لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک وەردەگرن و بەگوتەی بەرپرسانی سەربازی پێنتاگۆن، بووەتە دیاردە. هەواڵگری ئەمریکاش دەڵێت، رەوشی عێراق و سووریا "زۆر ئاڵۆزتر بووە".

بەگوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بۆ میدیاكانی ئەو وڵاتە، داعش لە عێراق و سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریا و چەند گرووپێکی دیکەی چەکدار لە سووریا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک رەوانەی ئاسمانی دوژمنەکانیان دەکەن و زۆرجاریش چەکیان پێوەدەبەستن.

چەند رۆژێک پێش ئێستا داعش تەقەمەنی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بچووکییەوە بەست و ئاراستەی ئاسمانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و لە ئەنجامیشدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو راوێژکاری سەربازیی فەرەنسیش برینداربوون.

کریس ودز، بەرپرسی سوپای ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی رەوشی عێراق و سووریا و لیبیا رایگەیاند، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە جێی نیگەرانی هەموولایەک بوو، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردە.

چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی ئەمریکی رایانگەیاندووە، ئەو گرووپە چەکدارانە زیاتر بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری سوود لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەردەگرن.

هاوكات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، رەوشی سووریا و عێراق لە ساڵی 2016 ئاڵۆزتر و تەمومژاویتر بووە، بە بەراورد بە ساڵی 2015، ئەوەش شەڕی دژ بە داعش ئاڵۆزتر و سەختتر دەکات.

بەپێی راپۆرتێکی هەواڵگری سەربازی ئەمریکا، شەڕی داعش لە سووریا و عێراق "زۆر ئاڵۆز، ناڕوونتر بووە لەماوەی پێشتر".

بەپێی راپۆرتەکەی پێنتاگۆن، بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی لە سووریا و عێراق کاراکتەر سیاسییەکانی زیاتر بووە، ئەوەش کێشە بۆ شەڕی دژ بە داعش دروستدەکات.

هاوک کاریسلی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات "رەوشەکە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی دەبینرێت. سووریاو عێراق هێندە ئاڵۆز بووە، کە ناتوانرێت بە ئاسانی شەڕی داعش بکرێت".

هاوک ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا دەزگاکانی هەواڵگری ناتوانن زانیاری وردتریان دەستبکەوێت، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانی دەەرەکی لە عێراق و سووریا.
Rudaw-
Top