خواردنی توركی له ئه‌ردا قه‌ده‌خه‌كرا
ئه‌ردا تۆران، یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی و هه‌ڵبژارده‌ی توركیا زۆر هۆگری وڵاته‌كه‌یه‌تی، به‌تایبه‌تی خواردنه‌كانی، به‌ڵام ئه‌وه كێشه‌ی بۆ ئه‌و یاریزانه دروستكردووه، كه پزیشكان پێیانوایه له میانی پاڵه‌وانیه‌تی جامى نه‌ته‌وه‌كانى ئه‌وروپای رابردوودا، كێشی ئه‌ردا به‌هۆی زۆر خواردنی خواردنه توركییه‌كان 11 كیلۆگرام زیادیكردبوو.
هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش نه‌یتوانی ئاستێكی به‌رز له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات و رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆری هانده‌رانی تورك بووه‌وه. له‌به‌رئه‌وه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له یانه‌ى بارسا ئاشكرایكردووه، له سه‌ره‌تای وه‌رزی نوێوه پزیشكی بارسێلۆنا و راسپێردراوی لایه‌نی خۆراكی یانه‌كه، داوای له تۆران كردووه لیستی ئه‌و خۆراكانه‌ی پێبدات، كه زۆر حه‌زی لێیه‌تی.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت "كه پزیشكه‌كه‌ی بارسا سه‌یری لیسته‌كه‌ی كردووه داوای له تۆران كردووه، خۆی له خواردنی خواردنه میللییه‌كانی توركیا به‌دوور بگرێت، كه له چێشتخانه‌كانی بارسێلۆنا یان له ماڵه‌وه به زۆری ده‌یانخوات و پێیگوتووه راسته خۆراكی به‌تامن، به‌ڵام ده‌بنه هۆكاری زیادبوونی كێشی له‌شت".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه به‌هۆی ئه‌و به‌رنامه خۆراكییه نوێیه‌ی پزیشكی بارسا بۆی داناوه، تۆران توانیویه‌تى كێشی زیادی خۆی كه‌م بكاته‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ی، كه له ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید پێشكه‌شی ده‌كرد.
RUDAW -