خامنەیی: پاسکیلسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەكان حەرامە

 خامنەیی: پاسکیلسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەكان حەرامە
عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بڕیارێكدا كە ڕۆژی ڕابردوو لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاو كرایەوە، پاسکیلسواری بۆ ژنان لە شوێنە گشتییەكاندا بە حەرام زانیوە.

خامنەیی دەڵێ دلێخوڕینی پاسکیل ژنان لە شوێنە گشتییەكان لە شوێنێك كە چاوی نامەحرەمی لێبێ حەرامە، چونکە دەبێتە هۆی ورووژاندنی پیاوان.

نزیك بە سێ هەفتە لەوەپێش شەهێندوخت مەولاوێردی، جێگری سەرکۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان لە تویتێری خۆیدا نووسیبووی، بەپیی ڕاگەیەندراوی ڕەسمیی دەفتەری خامنەیی لێخوڕینی پاسکیل بۆ ژنان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنەكانی شەرع ئازادە.

لە كاردانەوە بەم توئیتە، نزیك بە هەفتەیەك لەوەپێش هەواڵدەریی فارس وەڵامی دەفتەری عەلی خامنەیی دایەوە و تەنانەت خستییە ڕاپرسییەوە.

لە وەڵامی دەفتەری خامنەیی بە هەواڵدەریی فارسدا هاتووە كە پاسکیلسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەكان حەرامە و دەبێتەی هۆی ڕاكێشانی نەزەری پیاوان بۆ لای خۆیان و بەوەش كۆمەڵگە تووشی گەندەڵی دەبێ، بۆیە پێویستە نەبێ، بەڵام لە شوێنێك كە نامەرحەرمی لێنەبوو كێشە نییە.

نزیك بە مانگێك لەوەپێش لە شاری مەریوان لە چالاکییەکی مەدەنی و پەرچەکردارێکدا پاسکیلسواریی ژنان لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە قەدەغە كرا و ئەوە ماوەیەكی باش لە میدیاكاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو و ئێستاش دیسان سەری هەڵداوەتەوە.

لە ناڕەزایەتی بەم هەڵسوكەوتانە، كۆمەڵێك وێنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە تێیدا ژن و پیاو بە دووچەرخەوە و بە هەڵگرتنی پلاكاردی "بەڵی بۆ پاسکیلسواری لەلایەن ژنانەوە" هاتنە سەرشەقامەكان.

سەرەڕای ئەو کۆسپ و سنووردارکردنانە لە ئێران هیچ یاسایەک نییە كە بەڕاشكاوی ئەو کارە لە ژنان قەدەغە بكات، بەڵام کە فەتوای خامنەیی هاتە گۆڕێ، ئیتر یاساکانیش دەڕەوێنەوە.














باسنيوز
Top