فڕۆکە ئەمریکییەکان بنکەیەکی سەربازیی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن
میدیا سووریەکان بڵاویان کردووەتەوە، بۆردومانەکە رۆژی شەممە 17ـی ئەیلوولی 2016 لەلایەن چوار فڕۆکەی F16 دوو فڕۆکەی A-10ـی ئەمریکاوە کراوەتە سەر سەربازگەیەکی رژێمی سووریا لە شاری دێرەزوور.
ئاژانسی (سانا)ی حکوومیی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەکان لە عێراقەوە سنووری سووریایان بەزاندووە و سەربازگە سوورییەکەیان بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 62 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 100 سەربازی دیکە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش رایگەیاندووە، کە بارەگاکانی داعشیان لە نزیک دێرەزوور بۆدومان کردووە و لەبارەی بۆردومان کردنی سەربازە سوورییەکانیش رایگەیاندووە، کە ”رەنگە بۆردومانەکە بە هەڵە ئەنجام درابێت“.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکە و بارەگاکانی داعش لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا و عێراق و سووریا بۆردومان دەکەن.
باسنیوز