ئەسما ئەسەد کوڕەکەی دەنێرێتە مۆسکۆ

 ئەسما ئەسەد کوڕەکەی دەنێرێتە مۆسکۆ
سەرۆکی رژێمی سووریا و هاوسەرەکەی بڕیاریان داوە کوڕە گەورەکەیان بنێرنە رووسیا، بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەی.

ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریا لە میانەی ئاهەنگی دەرچوونی 33 قوتابی زانکۆی دیمەشق، رایگەیاندووە، کە حکوومەتی وڵاتەکەی بریاری داوە بیاننێرێتە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بۆ خوێندنی باڵا و کوڕەکەشی یەکێک دەبێت لەو قوتابییانە.

بەپێی زانیارییەکان، کە میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، حافزی کوڕە گەورەی بەشار ئەسەد تاوەکو ئیستا قۆناغی ناوەندی تەواو نەکردووە، بەڵام باوکی ناوی خستووەتە نێو لیستی ئەو قوتابییانەوە.

ئەسما ئەسەد هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو قوتابییانە لەسەر ئەرکی حکوومەتی رووسیا درێژە بە خوێندنیان دەدەن، کە لە ساڵی 2005ـەوە هەردوو حکوومەتی رووسیا و سووریا لەسەری رێککەوتوون.

ناردنی کوڕە گەورەکەی بەشار ئەسەد بۆ رووسیا لەکاتێک دایە، کە لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە نیوان گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە.

بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و برسێتییەوە، هەروەک ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنن، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 هەزار هاووڵاتیی سووری گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە پێنج ملیۆنی دیکەش ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.






باسنيوز
Top