ڕێكخراوێكی مەسیحی جیهانی بەنیازی دامەزراندنی هەرێمی دەشتی نەینەوایە

 ڕێكخراوێكی مەسیحی جیهانی بەنیازی دامەزراندنی هەرێمی دەشتی نەینەوایە
ژمارەیەك كۆنگرێسمانی سەر بەكۆماری و دیموكراتەكانی ئەمەریكا رایانگەیاند بەنیازی پێشكەشكردنی پرۆژەیەكن بۆ دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ لە دەشتی نەینەوا، كە تیایدا كەمینە ئاینییەكان بەئازادی بژین. ئەمەش بەهۆی گوشاری ڕێكخراوێكی مەسیحی جیهانی.

لەدوای كۆنگرەی سێیەمینی رێكخراوی بەرگریكردن لە مەسیحییەكان بەناونیشانی (لەدوای كۆمەڵكوژییەكان، بەرگریكردن لە داهاتووی مەسیحییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، مەسیحییەكان توانیویانە گوشار بخەنە سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا و ئیدارەی واشنتۆن، ئەمەش دوای ئەوەی كۆنگرەكە نامەیەكی بۆ هەردوولا ناردووە و ناچاری كردوون كوشتارەكانی داعش لە دژی مەسیحی و ئێزیدییەكان بە كۆمەڵكوژی بناسێنن.

لەمبارەوە كریستین ئاڤنیز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی بەرگریكردن لە مەسیحییەكان لەدیمانەیەكی كەناڵی (ئەلحورە)دا گوتی "پێشنیارێك دەخەینە بەردەم كۆنگرێس بۆ ئەوەی كار لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە دەشتی نەینەوا".

گوتیشی "لەو ناوچە ئارامەدا كەمینە ئاینییەكان دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و نیشتمانێكیان لەژێر چەتری حكومەتێكی لۆكاڵی بەهاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دامەزرێنن".

لە ساڵی 2014شدا پرۆژەیەكی هاوشێوە پێشنیار كراوە، كە پارێزگایەك لە دەشتی نەینەوا جیابكرێتەوە و مافی چارەی خۆنووسینی هەبێت.

جێی باسە لەدوای شەڕی داعشەوە هێزە مەسیحییەكانی نەینەوا و ئێزیدییەكان بەردەوام داوا دەكەن بخرێنە سەر نەخشەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كە گومانیان هەیە لەوەی حكومەتی بەغدا بیانپارێزێت.

لەلایەكی دیكەشەوە هاووڵاتییانی کوردی شەبەک داوا دەکەن ناوچەکانیان بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. لە 25ی ئابی رابردوودا ژمارەیەک کەسایەتی و هاووڵاتی کوردی شەبەک لە شاری بەردەڕەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ستایشی رۆڵی پێشمەرگەیان کرد و دووپاتیان كردەوە مە خوازیارن ناوچەكەیان بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان.






باسنيوز
Top