شانەیەكی تیرۆریستی ژنانی داعش لە فەرەنسا ئاشكرا دەبێ

 شانەیەكی تیرۆریستی ژنانی داعش لە فەرەنسا ئاشكرا دەبێ
فرانسوا مۆلانس داواكاری گشتیی پاریس رایگەیاند شانەیەكی تیرۆریستی ژنانی داعشیان ئاشكرا كردووە كە ویستوویانە لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بوتڵی غازەوە بەئۆتۆمبێل هێرشی تیرۆریستی لە پاریس ئەنجام بدەن.


مۆلانس ئێوارەی دوێنێ هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرای كرد ژنە تیرۆریستەكان لەلایەن بەرپرسانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سوریاوە ئاراستە كراون.


گوتیشی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بەو بوتڵە غازانەدا گرتووە، كە لە نزیك كڵێسای كاتێدرای نۆتردام لە پاریس راگیرابوون.



داواكاری گشتیی پاریس ئاماژەی بەوەدا كە ئێستە داعش تەنها پیاو بۆ هێرشی تیرۆریستی بەكارناهێنێ، بەڵكو لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ژنان و كچانی هەرزەكار و لاو دەخەڵەتێنن و پیلانەكانیان لە ڕێگەی ئەوانەوە جێبەجێ دەكەن.


ئاشكراشی كرد كە 3 ژنی تیرۆریستیان لە پاریس دەستگیر كردووە، كە پەیوەندی راستەوخۆیان بەو شانە تیرۆریستیەوە هەیە و باوەڕی تەواویشیان بەداعش هەیە.









باسنیوز
Top