پۆتین ستایشی ترەمب دەكات

پۆتین ستایشی ترەمب دەكات
فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا ستایشی دۆناڵد ترەمب كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد سەبارەت بە خواستی گێڕانەوەی تەواوەتی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ، لەكاتێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەئێستادا بە خراپترین قۆناغ لەدوای كۆتایی جەنگی سارد، تێدەپەڕێت.

بەپێی هەواڵێكی فرانس پرێس، پۆتین لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی لە سان بترسبۆرگ رایگەیاندووە:"ستایشی ترامپ دەكەم بۆ گێڕانەوە تەواوەتی پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و ئەمریكا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز دەست لە كاروباری پرۆسەی سیاسی وڵاتانی تر وەرنادەین، بەتایبەت لە ولایەتە یەكگرتووەكان، لەگەڵ ئەو سەرۆكەشدا كار دەكەین كە گەلی ئەمریكا هەڵیدەبژێرێت، ئیتر هەر كەسێك بێت".

پێشتر و لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، سەرۆكی روسیا ستایشی دۆناڵد ترەمپی كرد و بە پیاوێكی بەهرەمەند و هەڵكەوتوو وەسفی كرد.

لەو دەمەدا پۆتین وتی:"ترەمپ ئاستێكی تری دەوێت لە پەیوەندییەكاندا، پەیوەندییەكی پتەوتر و زیاتر نزیكتر لە روسیا، ئیتر چۆن ستاشی ئەوە ناكەین".

ترەمپ لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو رایگەیاند:"پێدەچێت بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ پۆتین رێكبكەوین".

ترەمپ بەشێك لە كێشەكانی نێوان روسیا و ولایەتە یەكگرتووەكانی بۆ ئەوە گێڕایەوە كە پۆتین هەرگیز رێز لە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا ناگرێت.

دوای ئەوەی روسیا لە مانگی ئاداری 2014، نیمچە دوورگەی كریمیای ئۆكرانی خستە سەر وڵاتەكەی و پشتیوانی لەچەكدارە جوداخوازەكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیای كرد، پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ روویان لە خراپبوون كرد.
Top