سەرۆكی سەناتی ڕووسیا: گازپرۆم به‌ بڕیاری سیاسیی ڕووسیا لە هەرێمی كوردستاندا كار ده‌كات

 سەرۆكی سەناتی ڕووسیا: گازپرۆم به‌ بڕیاری سیاسیی ڕووسیا لە هەرێمی كوردستاندا كار ده‌كات
(ڤالانتینا ماتڤیەنكۆ) سەرۆكی سەناتی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، دوای سەردانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 بۆ ڕووسیا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا فراوانتر بوون؛ ئاشكرایشی كرد كه‌، كاركردنی كۆمپانیای گازپرۆم لە هەرێمی كوردستان بە پشتگیریی بڕیاری سیاسیی ڕووسیا بووە.

لە چوارچێوه‌ی سەردانەكەیدا بۆ ڕووسیا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 17-6-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خاتوو (ڤالانتینا ماتڤیەنكۆ) سەرۆكی سەناتی ڕووسیا كۆ بووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا خاتوو (ماتڤیەنكۆ ) خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە و بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سان پترسبۆرگ دەربڕی و، هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی كە هەیە نیشان دا. هەروەك ئاماژەی بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان خەڵكی كوردستان و ڕووسیا و بەردەوامی و بەرەوپێشبردنیان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی لە بواری وزەدا كرد.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا كه‌، دوای سەردانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 بۆ ڕووسیا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا فراوانتر بوون و هیوای خواست سەردانی شاندی هەردوولا زیاتر بكرێت و لەمبارەیەوە كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر وەك پردێك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا زیاتر تۆكمە بكات. ئاشكرایشی كرد كە كاركردنی كۆمپانیای گازپرۆم لە هەرێمی كوردستان بە پشتگیریی بڕیاری سیاسیی ڕووسیا بووە و هەرچەند بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیرە، بەڵام ئەوان لەسەر كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامن و نیازیان وایە لە داهاتوودا كارەكانیان فراوانتر بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هاوسۆزیی ڕووسیای بۆ گەلی كوردستان و دۆزەكەی و ئەو نەهامەتیانەی لە ڕابردوودا بەسەری هاتوون دەربڕی و باسی لە ڕۆڵی دیاری (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە داهاتووی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە یەكەم سەردانیدا بۆ ڕووسیا لێی كراوە كە دواسەردانیشی نابێت؛ ئاماژەیشی بەوەدا خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیادا زۆرە و دەتوانرێت لە پەیوندییە دووقۆڵییەكاندا سوودیان لێ وەربگیرێت و فراوانتر بكرێن. جەختی لەوەش كردەوە كە ئێستا و لە داهاتووشدا بایەخێكی زۆر بە جێگە و پێگەی ڕووسیا دەدەن، بۆیە خوازیاری ئەوەن پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕووسیا تۆكمەتر بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مانەوەی كۆمپانیا گازپرۆمی ڕووسی لە كاتە سەختەكاندا لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند لە دیدارەكانیشیدا لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت و گازپرۆم باسی فراوانتركردنی ئەو پەیوەندییانە و كاری كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان كراوە. هیواشی خواست هێڵی ڕاستەوخۆی فڕۆكەوانی لەنێوان هەولێر و مۆسكۆدا هەبێت بۆ ئەوەی بازرگانان، بزنسمانان و هاوڵاتیانی هەردوولا سوودی لێ وەربگرن. هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی سەقامگیرە و ڕووسیا دەتوانێت جگە لە بواری وزە لە بواری كشتوكاڵیشدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.

لە تەوەرێكی دیكەدا بە كورتی باسی لە دۆخی هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش و قەیرانی دارایی و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ نیشان دا و، ئاشكرای كرد، كە هەوڵێكی زۆریان داوە لە ڕابردوودا عێراق ناوچەیەكی ئارام بێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكە و پەیوەندی باش و دۆستانەی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەوروبەر هەبووە و لە ئازادكرنەوەی شاری مووسڵیشدا هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا هاوكار بێت بۆ ئەوەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بگەڕێنەوە سەر جێگە و ڕێگەی خۆیان و داهاتوویان پارێزراو بێت.
Top