ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج: نزیكەی هەزار كیلۆمەترمان پاككردۆتەوە

ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج: نزیكەی هەزار كیلۆمەترمان پاككردۆتەوە
ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج رایگەیاند لەماوەی 15 رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ مەنبەج-دا تائێستا نزیكەی هەزار كیلۆمەتریان پاككردۆتەوە‌و سەدان چەكداری داعشیان كوشتووە.

ئەبو ئەمجەد، فەرماندە لەهێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنی مەنبەجی راگەیاند‌و ئەوەی خستەڕوو تائەمڕۆ كە 15هەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەیە هێزەكانیان نزیكەی هەزار كیلۆمەتر دووجایان لە داعش پاككردۆتەوەو سەدان چەكداری ئەو رێكخراوەیان كوشتووە، لەئێستاشدا هێزەكانیان بەتەواوەتی داعشیان لەناو مەنبەج گەمارۆداوە، بەڵام لەبەرئەوەی داعش مەدەنییەكان وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنێت، پێشڕەوییەكانیان ئاستەنگی بۆ دروست بووە.

ئەو فەرماندەیەی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج، سوپاسی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كرد كە پشتوانییان لەئەنجومەنەكەیان كردووە لەبەرەكانی شەڕ، هەروەها سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و بەتایبەت ئەمریكا، فەڕەنسا، بەریتانیاو ئەو كەسە مەدەنییانەی كرد كە هەماهەنگییان كردوون بۆ رزگاركردنی گوندەكان لەدەست داعش.

ئەبو ئەمجەد داواشی لەدانیشتوانی ناو مەنبەج‌و مەدەنییەكان كرد، لەو شوێنانە دووربكەونەوە كە داعش وەك پێگەی خۆی بەكاری دەهێنێت، وتیشی"هێزەكانمان ورەیەكی بەرزیان هەیە، ئەوەش وایكردووە تیرۆریستانی داعش پاشەكشە بكەن، زیانێكی زۆرمان بە داعش گەیاندووەو جگە لەبریندارەكانیان، نزیكەی 560 تەرمی چەكدارانی داعش كەوتوونەتە ژێر دەستی شەڕڤانان، ئەوە وێڕای دەستگرتن بەسەر بڕێكی زۆری چەك‌و تەقەمەنی".

ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مەنبەج، سەرەتای‌ ئەم مانگە لەلایەن شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج بەهاوكاری هاوپەیمانان دەستیپێكردو تائێستا بەردەوامە‌و ئۆپراسیۆنەكە لەئێستادا كراوە بەناوی‌ شەهیدی فەرماندە فەیسەل ئەبو لەیلا.

ئەبولەیلا، فەرماندەی‌ باڵای‌ سەربازیی‌ هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكرات لەئۆپەراسیۆنی‌ مەنبەج 3ی‌ ئەم مانگە بەسەختی‌ برینداربوو، دوای‌ گەیاندنی‌ بۆ نەخۆشخانەی‌ شار لەسلێمانی‌‌و دوو رۆژ مانەوەی‌ لەژێر چارەسەری‌ پزیشكیدا، یەكشەممەی‌ رابردوو شەهید بوو.

ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج، سەر بەهێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكراتە كە پێكهێنەری‌ سەرەكییان كوردە(یەپەگە) لەئێستاشدا لەشەڕدان لەگەڵ داعش بۆ ئازادكردنی‌ ناوچەكانی‌ باكوری‌ رەققە(پایتەختی‌ داعش)، ئەوەش بەپاڵپشتی‌ فڕۆكە جەنگییەكانی‌ هاوپەیمانان.

ئامانجی رزگاركردنی مەنبەج بریتییە لەبڕینی دەستڕاگەیشتنی چەكدارانی نوێ بۆناو داعش لەخاكی سوریا بەدرێژایی سنوری توركیا كە لەمێژە داعش ئەو شارۆچكەیەی وەك بنكەیەك بۆ هاتوچۆكردنی چەكدارانی بیانی لە ئەوروپاوە بۆ سوریاو بەپێچەوانەوە بەكارهێناوە.

شارۆچكەی مەنبەج سەر بە پارێزگای حەلەب دووەم گەورەترین شارۆچكەی سوریایەو لەسەر رێگای نێودەوڵەتییە كە شاری حەلەب‌و كانتۆنی كۆبانی‌و پارێزگای رەققەو حەسەكە پێكەوە دەبەستێتەوەو دەگاتە سنوری عیراق و هەرێمی كوردستانیش.

مەنبەج دەكەوێتە رۆژئاوای چەمی فورات‌و باشوری شاری جرابلس‌و باكوری رۆژئاوای رەققەو بە رزگاركردنی ئەو شارە لەژێر دەستی داعش، پەیوەندی نێوان شاری رەققەو ناوچەكانی جرابلس‌و مارع دەبڕدرێت كە دەكەونە سەر سنوری توركیاو لەژێر دەستی داعشدان، هاوكات رزگاركردنی شاری تەبقەو بەنداوی فورات ئاسانتر دەكات.
Top