لە شنۆ شەڕ لە نێوان حدکا و سوپای پاسداران روویدا
رۆستەم جیهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند "شەڕوپێکدادان لە نێوان هێزێک لە پێشمەرگەکانمان لە گوندەکانی سەرگیز و قەرەسەقل لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران روویداوە و تاوەکو ئێستاش شەڕوپێکدادان بەردەوامە".
ئەندامەکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها گوتیشی" لە شەڕەکەدا سوپای پاسدارانی ئێران زیانیان بەرکەوتووە و کوژراو و برینداریان هەیەو ئێمەش وەک حدکا بەرپرسیارێتی خۆمان لە شەڕوپێکدادانەکەدا لەگەڵ سوپای پاسداران راگەیاندووە".
رۆستەم جیهانگیری ئاماژەی بەوەشکرد "شەڕوپێکدادانەکە لەکاتێکدابووە کە پێشمەرگەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا بۆ کاروباری تایبەت لەوێدابوون و دواتر کەوتوونەتە بۆسەی سوپای پاسداران و هێرشیان کراوەتە سەر، ئەوانیش بەرگریان لە خۆیان کردووە و شەڕەکە روویداوە".
هێزێکی سوپای پاسداران لە پیرانشارەوە بەرەو شوێنی شەڕەکە بەڕێکەوتوون و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەسێک لە سوپای پاسداران کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش بریندارن.
هەروەها لە بنکەی سەربازی ئاقبڵاغ لەنێوان شنۆ و پیرانشار هێزێکی زۆر بەڕێکەوتوون بۆ شوێنی شەڕەکە.