بان كی مون چەكداركردنی منداڵان لە سووریا و عێراق سەركۆنە دەكات

 بان كی مون چەكداركردنی منداڵان لە سووریا و عێراق سەركۆنە دەكات
سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەچوارچێوی راپۆرتی ساڵانەیدا نیگەرانی دەربڕیوە لەبەرامبەر پێشێلكاری لایەنە ناكۆكەكان لە چەكداركردن و بەكارهێنانی منداڵان لە شەڕ و ململانێكانی نێوانیاندا، بەتایبەتی لە ئەفغانستان، سووریا، باشووری سودان، سۆماڵ و عێراق.

بەپێی راپۆڕتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرەتای نیسانی ساڵی 2015 هێزەكانی حەشدی شەعبی 8 مێردمنداڵیان بەزۆری چەكداركردوون و 4 یشیان لە شەڕی بێجی كوژراون.

یوسف كلابی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لەمبارەیەوە راگەیاند "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و كەسانێك بە ئامانجی ناشیرینكردنی حەشدی شەعبی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە"، جەختیشیكردەوە هەر كەسێك تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت لەنێو حەشدی شەعبی وەرناگیرێت.

كیلابی گوتیشی "خەڵكێكی زۆر لە هەموو تەمەنەكانەوە بۆ ستایشكردن دێنە سەربازگەكانی حەشدی شەعبی و پێموایە لەمڕووەوە بەهەڵەداچوونە و وا تێگەییشتوون ئەوانە بۆ پەیوەندیكردن بە ریزەكانی حەشدی شەعبییەوە هاتوون".

بەپێ راپۆڕتەكە، نەتەوە یەكگرتوەكان لێكۆڵینەوەی لە پرسی چەكداركردن و بەكارهێنانی 37 منداڵ و 36 مێردمنداڵ و كچێك كردووە، كە 19 یان لەلایەن داعشەوە چەكداركراون و پەیوەندی بە هەرزەكارانی هەڵەبجەوە هەیە، 6 یان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی كوردی چەكداركراون، 12 حاڵەتیشیان لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامدراون.

هۆشەنگ دەروێش، ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە باشووری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"ئەو هێزە کوردییانەی لە رۆژئاوای کوردستان هەن، بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەن منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ پەیوەندییان پێوە بکەن، بەتایبەت یەپەگە رێککەوتنێکی لەگەڵ رێکخراوی یونسێف هەیە و، رێساو یاسای تایبەتی بۆ چەکدارکردن هەیە، هیچ منداڵێکی خوار تەمەن 18 ساڵیش چەکی پێنادرێت، ئەو زانیارییانەی دراونەتە بان کی مون هەڵەن و دوورن لە راستی".

بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیسانی 2015 تاوەكو ئێستا 174 هەڵمەتی چەكداركردنی مێردمنداڵان ئەنجامدراون، 169 یان لەلایەن داعش و 3 یان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و 2 شیان لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی، سەرەڕای چەكداركردنی منداڵانی پارێزگای نەینەوا و ئەنبار لەلایەن داعش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە و لە چەند ڤیدیۆیەكدا دەردەكەوت پڕۆسەی گوللـەبارانكردنی دیلەكانیان ئەنجام دەدا.

هەروەها بان کی مون لە راپۆڕتەكەیدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاراستنی منداڵان لەچوارچێوەی پڕۆسەكانی ئاشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەپێناو گشتگیركردنی پرسی پاراستنی منداڵان و ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە پلانی كار و ئازادكردنیان
Top