سعودیە: ئێران خۆی رێگری زیارەتی حەجی هاووڵاتیانی دەکات

سعودیە: ئێران خۆی رێگری زیارەتی حەجی هاووڵاتیانی دەکات
سعودیە دەڵێ، رێگە لەھیچ موسوڵمانێكی جیهان بۆ ئەنجامدانی رێورەسمی حەج ناگرین، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئێران دەبێ، پابەندی یاساكانی سعودیە بێت.

رۆژێك دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی ڕایان گەیاند؛ كە وڵاتی سعودیە رێگە بەچوونی زیارەتكارانی ئێرانی بۆ بەجێگەیاندنی رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ نادات، وەزارەتی حەجی سعودیە لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند: "ئەوان پێشوازی لە ھەموو موسڵمانێك دەكەن، كە بۆ رێورەسمی حەجكردنی سەردانی سعودیە بكەن، بەڵام دەبێ وڵاتانیش پابەندی یاساکانی سعودیە بن".

بەرپرسانی سعودیە دەشڵێن: "ھاتنی زیارەتكاران بۆ وڵاتەكەیان دەبێ بەپێی ڕێنوێنی و یاساكانی سعودیە بێت".

ھاوكات وەزارەتی حەجی ئەو وڵاتە دەڵێ ئێران خۆی رێگری لە ناردنی زیارەتكارانی وڵاتەکەی بۆ حەجی ئەمساڵ دەگرێت.

پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران دوای قەیرانی یەمەن و سوریە بەرەو ساردبوون رۆیشت و دواتر بە روودوای مەنا لە رێورەسمی حەجكردنی ساڵی رابردوو و لەسێدارەدانی شێخ نمر كەسایەتی شیعە لەلایەن سعودییەوە پەیوەندییەكانیان بەتەواوەتی پچرا.



باسنیوز
Top