ئۆباما هۆشداری تووند دەداتە رووسیا

ئۆباما هۆشداری تووند دەداتە رووسیا
باراک ئۆمابا لەبارەی دانانی سیستەمی بەرگریی سەربازی لە باکووری ئەوروپا، هۆشداری تووند دەداتە رووسیا و ئەو کارە بە شەڕەنگێزی وەسف دەکات.

ئەو هۆشداریدانەی ئۆباما بۆ رووسیا لەكاتی پێشوازیکردنی بوو لە سەرۆكی چەند وڵاتێک، لەوانە: دانیمارک، فینلاند، ئاسلاند، نەرویج و سوێد.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، باراک ئۆباما و میشێل ئۆبامای هاوژینی، ئێوارەخوانێکیان بۆ سەرۆکی وڵاتانی (نۆردیک) رێکخستووە، کە هەریەک لە دانیمارک، فینلاند، ئاسلاند، نەرویج و سوێد دەگرێتەوە.

وەك لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ئەجێندای سەرەکی کۆبوونەوەکە كە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، گفتوگۆکردنە لەبارەی ئەو مەترسیانەی رووسیا بۆ سەر ئەوروپا دروستیکردوون. لەگەڵ پرسەکانی وەک: رووبەرووبوونەوەی تیرۆریزم، رێگەچارەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران، پرسی پاراستنی ژینگە، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی تەندروستی جیهانی.

ئەو کۆبوونەوەیە لە ساڵی 2013، لە سەردانێكی باراک ئۆباما بۆ سوێد بڕیاری لەسەر دراوە. کۆشکی سپی ئەو لووتکەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەو وڵاتانە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا و، چۆنیەتی پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا بە گشتی.



رووداو
Top