کامیرۆن و وەزیری بەرگری بەریتانیا داوای لێبوردن لە ئیمامێکی ئیسلامی دەکەن

کامیرۆن و وەزیری بەرگری بەریتانیا داوای لێبوردن لە ئیمامێکی ئیسلامی دەکەن

دەیڤد کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەسەر لێدوانێکی لە بانگشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی لەندەن، داوای لێبوردنی لە ئیمام سولەیمان گانی کرد.

لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لەندەن، کە تیایدا سادق خان، وەکو یەکەم موسڵمان لە مێژووی بەریتانیادا هەڵبژاردنەکەی بردەوە، کامیرۆن سولەیمان گانی بە پشتیوانکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تۆمەتبارکردبوو.

مانگی ڕابردوو دەیڤد کامیرۆن لە بانگشەی حزبی پارێزگاراندا وتبوی: "سولەیمان گانی، نۆ جار لەگەڵ سادق خان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا دەرکەوتەوە، ئەم پیاوە مەترسییە لەسەر ئاسایشی لەندەن و تەنانەت پشتیوانی 'IS' دەوڵەتی ئیسلامی دەکات".
وتەبێژی حکومەتی بەریتانیا لە بەیان نامەیەکدا لەسەر وتەکانی کامیرۆن ڕایگەیاند: "وتەیەکی دەیڤد کامیرۆن لەسەر بەڕێز ئیمام سولەیمان گانی، کە تیایدا ئاماژەی بە چەند ڕاپۆرتێکی هەواڵی کردبوو لەسەر ئەوەی ئیمام سولەیمان پشتیوانی دروستبوونی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکات".

"سەرۆک وەزیر دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە وتەکانی مانای ئەوە نەبووە کە بەڕێز سولەیمان سەر بە ڕێکخراوی داعشە، یان پشتیوانی ئەوان دەکات، داوای لێبوردنیش دەکات ئەگەر هەر بەهەڵە لێکتێگەیشتنێک هەبێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر مایکاڵ فالۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا، کە هاوشێوەی کامیرۆن هێرشی کردبوویەسەر سولەیمانی و بە پشتیوانی کردنی داعش تۆمەتبارکردبوو، داوای لێبوردنی لە ناوبراوکرد.
Top