كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئاهه‌نگێكی رێزلێنان بۆ دوو كه‌سایه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف سازده‌كات

كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئاهه‌نگێكی رێزلێنان بۆ دوو كه‌سایه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف سازده‌كات
کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە مەراسیمێکدا، ستایشی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕێز لە دوو کەسایەتی نێو وەزارەتەکە دەنێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢١.٤.٢٠١٦) وەزارەتی ئەوقاف، لە راگەیندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بەئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە گەورە سیناتۆر و کۆنگرێسمان و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئایینەکان لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باڵێۆز زەڵمای خەلیلزاد و خاتو تینا رامیرز سەرۆکی رێکخراوی (ھارد وایر) و ژمارەیەک لەسیاسەتوان و گەورە راوێژکارانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و بەشێک لەکوردانی نیشتەجێی ئەمەریکا، ئاھەنگێکی ڕێزلێنان بۆ ھەریەکە لە مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری پەیوەندیەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لەوەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شێرزاد مامسانی نوێنەری کوردانی جو لەوەزارەتی ئەوقاف رێکخرا.

لەم ئاھەنگەدا کە لەسەر داوای گەورە کۆنگرێسمانی ئەمەریکا (ترینت فرانکس) سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی ئازادیە ئاینیەکان رێکخرابوو، مەریوان نەقشبەندی لەوتارێکدا لەبەردەم ئامادەبوان بەناوی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە سوپاسی کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ھەموو ئەو رێکخراو و کەسایەتیانە کرد کەبەشداری ئاھەنگەکە بوون"تەئکیدیشی کردەوە کە لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەشێکە لەکلتوری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانی کوردستان قارەمانانە روبەڕوی داعش بونەتەوە و ھەموو ئاین و نەتەوەکانی کوردستان دەپارێزن، و بەگرنگیشیزانی کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەھەموو توانایەک ھاوکاری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بەگشتی بکەن.

دواتر نموونەی ئەو پێشمەرگە موسڵمانەی ھێنایەوە کە ناوی بۆ سەفەری حەج دەرچوبوو، بەڵام لەمیحوەری تەلسقۆف کە زیاتر دانیشتوانەکەی کریستیانن شەھید بوو، پاشان شێرزاد مامسانی نوێنەری کوردانی جو لەوەزارەتی ئەوقاف وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەھەنگاوەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ پێکەوەژیانی کرد و تەئکیدی کردەوە کەوا ئەنجامدانی ریفراندۆم لەھەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان ھۆکارێکی گەورە دەبێت بۆ فراوانبونی ئازادی ئاینی و پێکەوەژیان لەناوچەکەدا و لەمبارەیەوە داوای ھاوکاری سەرجەم جوەکانی ئەمەریکا و جیھانی بۆ ھاوکاری پێشمەرگە و حکوومەتی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیندراوەکە، ھەر لەم ئاھەنگەدا چەند کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا گوتاریان پێشکەش کرد و بەڵێنی پەیداکردنی زۆرترین پشتگیری سیاسی و سەربازی و مەعنەویان بۆ خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگە دا و ستایشی رۆڵ و ستراتیژیەتی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمیان لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەمینە ئاینیەکان و دۆسێی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئاین و مەزھەبەکان لەکوردستان کرد.
Top