شكستێك چاوەڕێی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە دەكات

 شكستێك چاوەڕێی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە دەكات
شرۆڤەكاران لە وڵاتانی عەرەبی باس لە هەوڵەكانی سعودیە دەكەن بۆ ئەوەی لە ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە هێزی یەكەم. هەندێكیان دەڵێن سعودیە بە نیازە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە بەهۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە. ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی "بیردۆزی سەلمان"دا دێن كە ئامانجی ئەوەیە شكست بە داعش و گرووپە توندڕەوە شیعەكان بهێنێ و لەوێشەوە خەونی ئێران بۆ دەستگرتن بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پووچەڵ بكاتەوە.

شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری وەكوو شای سعودیە، گۆڕانێكی لە سیاسەتی دەرەوەی سعودیەدا هێنایە ئاراوە كە گۆڕان بوو لە سیاسەتی دوورەپەرێزییەوە بۆ سیاسەتی خۆسەلماندن و ئەمەش بە سیاسەتی "دەرخستنی ماسولكە" ناوی دەركردووە.

تەنیا دوو مانگ دوای وەرگرتنی عەرشی پاشایەتی، هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن دەستی پێكرد، بۆ ئەوەی لە لایەكەوە پێگەی حوسییەكانی لایەنگری ئێران لە یەمەن كەم بكاتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە عەبدڕەبە مەنسوور هادی بگەڕێنێتەوە سەر كورسی سەرۆكایەتی یەمەن. سەلمان هەروەها پشتگیرییەكانی سعودیەی بۆ گرووپی "سوپای ئیسلامی"ی سووری دوو بەرامبەر كرد كە هاوپەیمانێتییەكە لە 43 گرووپی چەكداری ئیسلامی پێكهاتووە و ئامانجیان رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دامەزراندنی حوكمی شەریعەیە لە سووریا.

بەڵام هەوڵەكانی پاشا نوێیەكەی سعودیە نە لە یەمەن و نە لە سووریا دەستكەوتێكی وەهای نەبووە بتوانێت خۆ لە قەرەی خەرجییەكانی ئەم هەوڵانە بدات، وەدیهێنانی خەونی دەستگرتن بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندەش ئاسان نییە كە شا سەلمان لە رۆژەكانی یەكەمدا مەزەندەی كردبوو.
هەتا ئێستاش مەنسوور هادی لە ریازەوە حوكمی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی لایەنگری حكومەت لە یەمەن دەكات. جگە لەمە سعودییەكان بەنهێنی خەریكی دانوستاندنن لەگەڵ حوسییەكان، بۆ ئەوەی هەرجۆرێك بێت كۆتایی بە هێرشەكانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بۆ سەر سەنعا بهێنن.

لە سووریاش، دوای هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا حكومەتەكەی ئەسەد گیانێكی بەبەردا هاتووەتەوە، ئەگەرچی هەتا ناوەڕاستەكانی 2015ش ئەسەد زیاتر خەریكی بەرگری لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی بوو، بەڵام لە مانگی ئەیلولی پارساڵ و دوای بەشداریی راستەوخۆی مۆسكۆ لە قەیرانی سووریا، ئەگەری ئەوە بەهێز بووە كە ئەسەد بە جۆرێك لە جۆرەكان بەشێك بێت لە داهاتووی سووریا.

سیاسەتی دەرەوەی "دەرخستنی ماسولكەكان"، وەكوو میراتێك لە دوایین ساڵەكانی دەسەڵاتی مەلیك عەبدوڵڵاوە بۆ مەلیك سەلمان ماوەتەوە. ئەم سیاسەتە زیاتر پشت بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی دەبەستێ. بەر لەم قۆناغە سعودیە زیاتر پشتی بە ئامرازە دیپلۆماتیكەكان، پارە و ئایین دەبەست بۆ ئەوەی كاریگەری خۆی لە ناوچەكەدا بسەپێنێ، لە سەردەمی مەلیك عەبدوڵڵا، پاشای كۆچكردووی سعودیەدا، سیاسەتی دەرخستنی ماسوولكەكان لە كاتی بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شیعەكانی بەحرێن پەیڕەو كرا، كاتێك ریاز، بە پێچەوانەی خواستی واشنتن، لە ئاداری 2011 هێزی رەوانەی بەحرێن كرد. ساڵی 2013ش مەلیك عەبدوڵڵا بڕیاری دا پشتگیری سەربازی و دارایی پێشكەش بە "سوپای ئیسلام لە سووریا" بكات، بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا داعش، قاعیدە و حكومەتی سووریا بڕووخێنێ. سیاسەتەكانی سەلمان لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا درێژكراوەی دوایین ساڵەكانی دەسەڵاتی مەلیك عەبدوڵڵا بووە.

لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران و شیعە لە چەقی سیاسەتی دەرەوەی سعودیەدایە. بزووتنەوەكانی ناو بەهاری عەرەبی بە راستەوخۆ بووبێت یان ناڕاستەوخۆ، پانتایی كاریگەری و دەسەڵاتی تارانیان فراوان كردووە. ئەمەش بەڕوونی لە چالاكییەكانی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریا و پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی نێوان ئێران و میلیشیا شیعەكانی عێراقدا دەبینرێت، ئەمە جگە لەوەی دوای سەرهەڵدانی قەیرانی یەمەن، بەشێكی بەرچاوی یەمەن كەوتە دەست حوسییەكان كە ئێران پشتگیرییان دەكات.

لە هەموو ئەمانە ترسناكتر بۆ سعودیە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی تەمووزی نێوان وڵاتانی 5+1 و ئێران بوو كە ئێران رەزامەندی دەربڕیوە بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە ناو چوارچێوەیەكی ئاشتیانەدا سنووردار بكات، نەك بە تەواوەتی رایبگرێت. سعودیە باش دەیزانی ئەم رێككەوتنە كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەی ئابووری و سیاسی بۆ ئێران تێدایە. ریاز رێككەوتنە ئەتۆمییەكە وەكوو هاندەرێك بۆ تێكچوونی باڵانسی هێز لە ناوچەكەدا دەبینێ.

بەر لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش، سعودیە و وڵاتانی عەرەبی سوننەی ناوچەكە هەستیان بەوە كردبوو كە ئەمریكا وردە وردە خۆی لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەخاتەوە، سعودییەكان بەردەوام گازندەی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمریكا ویستبای دەیتوانی رێگری لە كەوتنی حوسنی موبارەك بكات، هەروەها دەشیتوانی پێش تێكچوونی رەوشی سووریا ئەسەد لەسەر حوكم لابدات.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم گۆڕانكارییانە، سعودیە دوو هەنگاوی نا، یەكەم وابەستەیی وڵاتەكەی بە ئەمریكا كەم كردەوە و دووەم هاوپەیمانێتییەكی لە دژی ئێران پێكهێنا. هیچكام لە هەنگاوەكانیش سەركەوتنێكی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە. بۆ سەربەخۆبوون لە ئەمریكا، ریاز رووی لە رووسیا، چین و هیندستان كرد. بەڵام رووسیا و چین پێشتر پەیوەندییەكی ئابووری و سیاسیی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێران هەبوو، هیندستانیش بەرژەوەندییەكی ئەوتۆی لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبوو.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و حوسییەكان، سعودیە دوو هاوپەیمانێتی پێكهێنا (هاوپەیمانێتی عەرەبی و هاوپەیمانێتی وڵاتانی ئیسلامی). هاوپەیمانێتیەكەی یەكەم خەرجییەكی زۆری بۆ سعودیە و وڵاتانی كەنداو هەڵگرت. میسر لە بەرامبەر 8 ملیار دۆلار رازی بوو بەشداری هاوپەیمانێتییەكە بێت، سوودان پاش وەرگرتنی 2.2 ملیار دۆلار بڕیاری رەوانەكردنی هێزی دا.

كۆمەڵێك هۆكاریش هەن وادەكەن هاوپەیمانێتی وڵاتانی ئیسلامی تەنیا لەسەر كاغەز بمێنێتەوە، بۆ نموونە ژمارەیەك لە وڵاتانی سوننی، وەكوو جەزائیر، عەممان و ئەفغانستان لەم هاوپەیمانێتییەدا نین، هەندێك لە وڵاتانی بەشدار توانای سەربازییان زۆر سنووردارە و مەودای جوگرافی نێوان وڵاتانی ئەندامیش كێشەیەكی سەرەكیی دیكەی ئەم هاوپەیمانێتییەیە، ئەمە بەدەر لەوەی كە جگە لە سوننیبوون هیچ خاڵێكی دیكە نییە وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانێتییە بە یەكەوە ببەستێتەوە.

دابەزینی نرخی نەوت سعودیەی ناچار كرد دان بە كورتهێنانی 20%ی تێكڕای بەرهەمی ناپوختەی ناوخۆیی بنێت. لە رەوشێكی ئاوهاشدا سعودیە رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار، واتە مانگانە 6 ملیار دۆلار و ساڵانە 72 ملیار دۆلار، لە جەنگی یەمەن خەرج دەكات. دوور نییە چارەنووسی سعودیە لە یەمەن هاوشێوەی چارەنووسی ئەمریكا لە عێراقی لێبێت، تێچووی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق لەساڵی 2011 دوو تریلیۆن دۆلار، واتە 4%ی بەرهەمی ناپوختەی ناوخۆیی بوو، ئەمریكا دواجار بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق دا و بەغدای رادەستی تاران كرد. ئایا چارەنووسێكی هاوشێوەی ئەمە چاوەڕێی سەنعای پایتەختی یەمەنیش ناكات؟

پێدەچێت سعودیە بەنیاز بێت خۆی وەكوو هێزێك پیشان بدات كە لەهەر ئان و ساتێكدا دەتوانێت مەترسی بۆ سەر دژبەرەكانی خۆی لە ناوچەكەدا دروست بكات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە سعودیە هەتا چەندە توانای ئەوەی هەیە پشتگیری لەم پلانەی خۆی بكات، بۆ ئەوەی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات؟
Top