سەعد ئەلحەریری: لوبنان هەرگیز نابێتە ویلایەتێکی ئێران

سەعد ئەلحەریری: لوبنان هەرگیز نابێتە ویلایەتێکی ئێران
سەرۆکی رەوتی ئەلموستەقبەل لە لوبنان رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک نابێتە ویلایەتێکی ئێران.



”سەعد حەریری“، سەرۆکی رەوتی ئەلموستەقبەل و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان لە مەراسیمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی ”رەفیق حەریری“ لەشاری بەروتی پایتەخت رایگەیاندووە، کە سەردەمی داگیرکاریی سوریا کەسیکی وای بۆ سەرکردایەتیی لوبنان دروست نەکرد، سەردەمی بەهێزیی ئێرانیش لە لوبنان، ”هەرگیز ناتوانێ سەرکردەیەک لە لوبنان دروست بکات“.



سەعد حەریری، کە لە ساڵی 2011ـەوە لەوکاتەی هاوپەیمانیی 8ـی ئادار، حکوومەتەکەیان رووخاند، وڵاتی بەجێهێشتووە، لە مەراسیمەکەدا هەروەها رایگەیاند، هەرگیز لوبنن نابێتە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی ئێران.



سەرۆکی رەوتی ئەلموستەقبەل ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێگا بە هیچ کەس و لایەنێک نادات، ”لوبنان بباتە ریزی ئەو وڵاتانەی دژایەتیی سعودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکەن“.



رەفیق حەریری، باوکی سەعد حەریری و یەکێک بوو لە سەرکردە باڵاکانی لوبنان، لەو کاتەی سەرۆک وەزیران بوو، لە رۆژی 14ـی شوباتی 2005 بەهۆی تەقینەوەی نزیکەی یەک تۆن تەقەمەنی، تیرۆرکرا.



رەوتی ئەلموستەقبەل نوێنەرایەتیی پێکهاتەی سوننە لە لوبنان دەکات و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سعودیە هەیە. ئەلموستەقبەل لە رکابەرییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ حزبوڵڵا، کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعە دەکات و چاودێران پێیانوایە، پلانی کارکردن لە ئێران وەردەگرێت.










باسنیوز
Top