بانگهێشتنامه‌كه‌ی‌ پێگه‌یشت كورد به‌شداریی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ (جنێف 3)دا ده‌كات

بانگهێشتنامه‌كه‌ی‌ پێگه‌یشت كورد به‌شداریی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ (جنێف 3)دا ده‌كات
ئه‌نجومه‌نی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌، ئه‌مڕۆ سێ‌ شه‌ممه‌، بانگهێشنامه‌ی‌ فه‌رمی‌ بۆ به‌شداریی‌ له‌ كۆنگژه‌ی‌ (جنێف 3)دا پێگه‌یشت.

ماجد حبو ئه‌ندامی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌فه‌رمی‌ بانگهیشتنامه‌ی‌ بۆ به‌شداریی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ جنێف 3 پێگه‌یشت، ئاماژه‌ی‌ به‌ به‌رده‌وامبوونی‌ دانوستانه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ 6 مانگ، كرد.

له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی‌ (ANHA) ماجد حبو وتی‌: "رێوشوێنه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ (جنێف 3) گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی‌ ناردنی‌ بانگهێشتنامه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ی‌ كاندیدن بۆ دانوستان".

به‌ وته‌ی‌ حبو: "ئه‌و وه‌فدانه‌ی‌ به‌شداریی‌ دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن، بریتین له‌ 3 وه‌فد كه‌ له‌ وه‌فدی‌ رژێمی‌ سوریا و وه‌فدی‌ ده‌سته‌ی‌ باڵا (ریاز) و وه‌فدی‌ (دیموكراته‌كانی‌ سوریا) پێكدێن كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌تی‌، وێڕای‌ هاوپه‌مانه‌كانی‌ له‌ كه‌سێتی‌ و هێزه‌ نیشتیمانی‌ و دیموكراته‌كان".

وتیشی‌: "شێوازی‌ دانوستانه‌كان به‌پێی‌ بانگهێشتنامه‌كان، چاوپێكه‌وتنی‌ جیاجیا له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كان كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌ و به‌پێی‌ بڕیاری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ 2254، ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ شه‌ش مانگ ده‌خایه‌نن".

له‌ كۆتایی‌ قسه‌كانیدا، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ وتی‌: "ئیداره‌ی‌ خۆسه‌ری‌ دیموكراتی‌ و پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌، پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سوریای‌ دیموكراتین، بۆیه‌ ئه‌وان پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ وه‌فدی‌ دیموكراته‌كانی‌ سوریا ده‌بن له‌ كۆنگره‌ی‌ جنێف".

پێتر ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی‌ پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ (هه‌ده‌یه‌) به‌ ئاژانسی‌ "رۆیته‌رز"ی‌ راگه‌یاند، بێگومان كورد بانگێشتی‌ دانوستانه‌كانی‌ جنێف ده‌كرێت، به‌ڵام نازانین به‌ چ شێوازێك ده‌بێت"، رونیشكرده‌وه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن هه‌ر ئه‌مڕۆ بانگهێشتنامه‌كه‌یان پێبگات.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێرگی‌ لاڤرۆڤ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا كه‌ بۆ دره‌نجامه‌كانی‌ كاریی‌ دیپلۆماسی‌ روسی‌ له‌ ساڵی‌ 2015 ته‌رخان كرابوو، رایگه‌یاند: "به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی‌ كورد له‌ دانوستانه‌ نوێیه‌كان، ئه‌سته‌مه‌ ته‌نگژه‌كانی‌ سوریا چاره‌سه‌ر بكرێن".

پێشتر نه‌عمان كورتۆڵموش جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی‌ به‌شداریی‌ پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ (هه‌ده‌په‌) وه‌ك لایه‌نێكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا، له‌ كۆنگره‌ی‌ جنێفدا، ره‌تده‌كاته‌وه‌.
Top