ئەمریكا لەبارەی "شێخ نەمر"ـەوە، بەیاننامەیەك دەردەكات
جۆن كیربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند :" بینیمان كە حكومەتی سعودیە جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 47 كەسدا، راگەیاند".
ئەو وتەبێژە، ئاماژە بەوەش دەدات، كە پێشتر نیگەرانی خۆیان لە رێكارە یاساییەكانی عەرەبستانی سعودی خستووەتەڕوو، وتیشی :" چەندین جار مەترسییەكانی خۆمان لەوبارەیەوە راگەیاندووە، بۆیە جارێكی تریش بۆ حكومەتی سعودیە تەئكید ئەكەینەوە، كە پێویستە رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت و رێكارە دادوەرییەكان بەشێوەیەكی شەفاف و پاك لەهەموو كێشەكاندا، ئەنجام بدات".
هەروەها داواش لە حكومەتی سعودیە دەكات، کە رێگە بدات بە دەربڕینی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆنانە و لەگەڵ سەرجەم سەركردەكانی كۆمەڵگادا كار بکات بۆ كوژاندنەوەی گڕی فیتنەگەری، كە لەدوای جێبەجێكردنی ئەو حوكمانە دروست بوون.
جەختیشدەكەنەوە، كە زۆر نیگەرانن لەوەی ملپەڕاندنی شێخ نەمر ئەلنەمر، كەسایەتی ئاینیی شیعەكان و چالاكوانی سیاسی، رەنگە ببێتە هۆكار بۆ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی تایفەگەری، لەكاتێكدا كە پێویستە ئەو ناكۆكییانە سووك بكرێنەوە.