وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیدانەی هێرشەکانی رووسیا دەکات لە سووریا

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیدانەی هێرشەکانی رووسیا دەکات لە سووریا
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو روونكردنەوەیەكی لەبارەی پەلامارەكانی دوێنێی فڕۆكەكانی رووسیا لە سووریا كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی دەركرد.

لە میانی روونكردنەوەكەدا مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: بە توندی ئیدانەی پەلامارەكەی دوێنێی فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا دەكەین بۆسەر شاری ئیدلیب كە دادگا و قوتابخانە و بینای پارێزگای كردە ئامانج و بەهۆیەوە نزیكەی٢٠٠ هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی".

ناوبراو گوتی: "تەواوی قوربانیانی پەلامارەكەی دوێنێی فڕۆكەكانی رووسیا هاووڵاتیی سڤیل بوون. پەلامارەكەی بەرزاییەكانی غۆتە ٦٥ كوژراو و ١٢٠برینداری لێكەوتەوە. ئەو كارە بە تەواوی دژی مرۆڤایەتیە، رووسیا كە لە ٣٠ ئەیلوولی رابردووە چۆوەتە نێو سووریا تەنیا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكاتە ئامانج كە بەهۆیەوە هاووڵاتیەكی مەدەنی زۆر گیانیان لەدەست داوە، رووسیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش چووەتە نێو خاكی سووریاوە، لەم كاتەوەش تا ئێستا نزیكەی چوار هەزار هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە. لەم ژمارەیەش نزیكەی لە سەدا ٩١ی بۆسەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا بووە و لە سەدا ٩یەكەی دیكە داعشی كردۆتە ئامانج. لە ئاكامی پەلاماردانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێندەی دیكە داعش بەهێز بووە. دەردی رووسیا داعش نییە. رووسیا دەیەوێت جارێكی دیكە سووریا كۆنترۆڵ بكاتەوە و رادەستی ئەسەدی بكات بۆ ئەم مەبەستەش پەلاماری هاووڵاتییانی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەدات. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی فڕۆكەكانی رووسیاوە زیاد لە ٦٠٠ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون. لە هەندێك سەرچاوە دەڵێن زیاد لە ٨٠٠ هاووڵاتی كوژراون. لەم ژمارەیەش زیاد لە ١٥٠ كەسی منداڵن دەمانەوێت تەواوی دونیا ئەم راستیە بزانن".

مەولود چاوشئۆغڵو تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و گوتی: "هێشتا مەرەكەبی وشەكانی بڕیارەكە وشك نەبووەوە كە رووسیا بۆردومانی هاووڵاتییانی سڤیلی كرد. باوەڕناكەم هیچ وڵاتێك بەو شێوەیە رووبەڕووی داعش ببێتەوە. دەبێت سەرەتا رووسیا واز لە بۆردومانكردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوولاتییانی سڤیل بهێنێت. بە پێچەوانەوە كێشەی سووریا چەندین ساڵ دەخایەنێت و تیرۆریش قەت كۆتایی نایەت. رووسیا بۆخۆی لایەنێكی هەڵبژاردووە ئەوەیش ئەوەیە كە دژی گەلی سووریا".





























AA

Top