جۆن كیری نامەیەک بۆ ئێران دەنیرێت

 جۆن كیری نامەیەک بۆ ئێران دەنیرێت
سه‌باره‌ت به یاسای نوێی پێدانی‌ ڤیزا جۆن کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی "محەمەدجه‌واد زەریف" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كردووە.



جۆن کیری لە نامەکەیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه، كه‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی کە هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا په‌سه‌ند كرا و به ‌هۆیه‌وه‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا به‌بێ ڤیزا له‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێك قورس ده‌كات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر لابردنی سزاكانی سه‌ر ئێران نابێت.



بەپێی میدیاكانی ئەمریكا كێری لەو نامەیەدا كە رۆژی شەممەی رابردوو ئاراستەی هاوتا ئێرانییەكەی كردووە، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پرۆژە یاساكە كاریگەریی لەسەر رێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ناكات و تێكی نادات، كە پێشنیازی هەڵگرتنی پلە بە پلەی سزاكانی سەر تاران دەكات.



كێری باسی لەوەش كردووە كە حكوومەتی ئەمریكا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە چەند ماددەیەكی پرۆژە یاساكە جێبەجێ نەكات و دەڵێت: "ئەو گۆڕانكارییانەی لەبارەی هەلومەرجی ڤیزاوە لە كۆنگریس كراوە، بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەربەست لەبەردەم پابەندبوونمان بە هەلومەرجەكانی پلانی هاوبەشی گشتگیر."



لە درێژەدا هاتووە: "لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەتەواوی راستگۆین بەرامبەر بەڵێنەكانمان لە رێككەوتننامەكەدا."



بەپێی پرۆژە یاسایەك كە هەفتەی رابردوو لە كۆنگرێسی ئەمریكا پەسەند كرا، لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵگرتنی ڤیزای فیدراڵیدا، ئەوانەی دەتوانن بەبێ ڤیزا سەردانی ئەمریكا بكەن، بەڵام لە دوای ساڵی 2011ەوە چوونەتە عێراق، سووریا، ئێران و سوودان، پێویستە ڤیزا وەربگرن و ئەو كەسانەش كە خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتانە و ئەمریكان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.



لە وەلامی ئەم نامەیەدا "عەباس عێراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "کە نامەی جۆن کێری لەبارەی یاسای نوێ بۆ پێدانی ڤیزا گەرەنتییەکی باشە کە بە بەڕێوەبردنی ئەم یاسایە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل ناکرێت و لە روانگەی ئێرانەوە هیچ گرفتێک نییە."










باسنیوز
Top