سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێشوازی لە باوکی ئالان کوردی کرد

 سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێشوازی لە باوکی ئالان کوردی کرد
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، پێشوازی لە باوکی ئالان کوردی کرد و لە دیدارەکەیدا بە باوکی ئالانی راگەیاند " ئالان جێی شانازییە و ئەو کاریگەرییەی ئەو لەسەر جیهان هەیبوو سەبارەت بە ناساندنی کارەساتی پەنابەرانی سووریا، ئێمە بە سەدان کۆبوونەوە و هەڵمەتی راگەیاندن نەمانبوو".

رۆژی شەممە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە عەبدوڵا کوردی باوکای ئالان کوردی کرد و بە باوکی ئالانی راگەیاند "جێی سەربەرزییە بۆ تۆ کە کوڕێکی ئاوات هەبوو ، کە توانی ئەو کاریگەرییە زۆرە لەسەر جیهان دابنێت، سەبارەت بە تێڕوانینی جیهان بۆ کێشەی کۆچبەرانی سووریا".

ئۆغڵۆ ئاماژەی بەوەکرد "ئالان جێی شانازییە، ئەگەرچی تەمەنێکی کورتیش ژیا، بەڵام ئەوەی ئەو کردی ئێمە نەمان دەتوانی بیکەین و بەم شێوەیە کێشەی پەنابەرانی سووری بە جیهان بناسێنین".

ئالان کوردی، ئەو کوڕە کوردە تەمەن سێ ساڵەی کە لە 2-ی ئەیلوولی 2015 تەرمەکەی بە خنکاوی لە کەناراوەکانی بۆدرووم-ی تورکیا، سنوری نێوان تورکیا و یۆنان دۆزرایەوە و سەرنجی تەواوی میدیاکانی جیهانی وەکو قوربانییەکی بچووکی شەڕ راکێشا. ناوبراو لەگەڵ دایک و برایەکی لە ئاودا خنکان، لەو کاتەی کە دەیانویست سنوری تورکیا بەرەو ئەوروپا ببڕن.




رووداو
Top