تورکیا رەتیدەکاتەوە چالاکییە سەربازییەکانیان لە عێراق فراوانتر بکەن

 تورکیا رەتیدەکاتەوە چالاکییە سەربازییەکانیان لە عێراق فراوانتر بکەن
تورکیا رەتیدەکاتەوە چالاکییە سەربازییەکانیان لە عێراقدا فراوانتر بکەن. ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیاش دەڵێت بۆ جێگیركردنی هێزەکانیان لە دەوروبەری موسڵ هەماهەنگییان لەگەڵ عێراقدا هەبووە.

سەبارەت بە بڵاوەکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، داودئۆغڵو رایگەیاند "بۆ جێگیركردنی هێزەکانمان لە دەوروبەری موسڵ هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبووە". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كە لە بەعشیقە مەشق و راهێنانیان بە هێزە عێراقییەکان کردووە بۆ شەڕی دژی داعش.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سێ رۆژ بەر لە ئێستا هێزێکی تورکیا هاتووەتە سنووری ناحیەی زێلکان و باشیک لە پارێزگای موسڵ، بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، ئەو هێزە سەربازییەی تورکیا بریتییە لە 150-220 سەرباز لەگەڵ 15 تانک و 8 زرێپۆشی بچووک، 4 زرێپۆشی گەورە، یەک ئەمبولانس، 14 ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری هینۆ، فیشەک و تەقەمەنی، تانکەرێکی ئاو، گەلابەیەک و 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی.

لەیەکەم کاردانەوەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند " هێزەکان بەبێ پرس و مۆڵەتی حکومەتی عێراق هاتوونەتە عێراق و ئەمەشیان پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری عێراقە". عەبادی داواشیکرد " تورکیا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و بەزووترین کات هێزەکانی لە خاکی عێراق بکێشێتەوە".

دوای لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق هاتنی هێزەكەی تورکیای رەتکردەوە و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد.













رووداو
Top