داودئۆغڵو: با کەس چاوەڕێی داوای لێبووردنی ئێمە نەبێت

 داودئۆغڵو: با کەس چاوەڕێی داوای لێبووردنی ئێمە نەبێت
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی مافێکی یاسایی خۆی بەکارهێناوە و با کەس چاوەڕێی داوای لێبووردنی تورکیا نەبێت.



ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە وتارێکدا لە ئەکادیمیای دیپلۆماسی لە ئازەربایجان، داوای لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کردووە، کە رووبەڕوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا دابنیشێت.



ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشداوە، کە تورکیا مافی یاسایی خۆی بەکارهێناوە و فڕۆکەیەکی نەناسراوی پێکاوە، کە ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە و ”کەس ناتوانێ لۆمەمان بکات“، تەنها گەلی تورکیا دەتوانێت ”لێپرسنەوەمان لەگەڵ بکات“.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی تورکیا باسی پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، ”ئێمە لەسەر پاراستنی سنوورەکانمان، داوای لێبووردن لە کەس ناکەین“، وەک ئاماژەیەک بۆ گوتەکانی پێشتری ڤلادیمێر پوتین، کە داوای لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردبوو، داوای لێبووردن لە رووسیا بکات.



رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی رابردوو، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی رووسی جۆری سوخۆی لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا خستووەتە خوارەوە، بەهۆی ئەوەی سنووری ئاسمانیی تورکیای بەزاندووە و گوێی بە ئاگادارکردنەوەکان نەداوە.






باسنیوز
Top