ئەردۆغان: هیچ دەستدرێژییەک لە داهاتوودا قبوڵ ناکەین

ئەردۆغان: هیچ دەستدرێژییەک لە داهاتوودا قبوڵ ناکەین
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هیچ کەسێک مافی دەستدرێژیکردنە سەر سنوورەکانیاننی نییە و هیچ دەستدرێژییەکیش لە داهاتوودا قبوڵ ناکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی "دوێنی دوو فڕۆکەی ڕوسیمان ئاگادار کردووە لە بەزاندنی سنوورەکانمان، یەکێکیان گەڕایەوە، بەڵام ئەوەی تر گوێی بە ئاگادرکردنەوەکان نەداوە بۆیە خراوەتە خوارەوە".

هەروەها وتیشی "فڕۆکە ڕوسییەکە سنووری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە و بەشێک لە پارچەکانیشی لە خاکی تورکیادان".

دوێنێ سێشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم حکومەتی تورکیا فڕۆکەیەکی ڕووسی سۆخۆ ٢٤ی خستە خوارەوە کە بە وتەی خۆیان "سنووری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە"، ئەو ڕووداوە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و حکومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند فڕۆکەکەیان خاکی تورکیای نەبەزاندووە و ئەو کردارەی تورکیاش خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە.

دواتر لەسەر داوای تورکیا، ناتۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا و تیایدا ڕایگەیاند، فڕۆکە ڕووسییەکە سنوری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە.

هاوکات ئەمڕۆ ئەلیکاساندەر ئۆرلۆڤ باڵیۆزی ڕوسیا لە فەرەنسا وتی "فڕۆکەوانەکە دوای خۆ خستنەخوارەوەی بە پەڕەشووت بریندار بووە، دوای ئەوەی ویستویەتی هەڵبێت، لەلایەن سوپاکەی ئەسەدەوە ڕزگار کراوە".

هەروەها وتیشی، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ پێکهێنانی دەستەیەکی ئەرکانی هاوبەش لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و تەنانەت ئەنقەرەش.








سەرچاوەكان
Top