فەرەنسا له‌ دووشه‌ممه‌ی دابێتەوە داعش ئاگرباران ده‌كات

فەرەنسا له‌ دووشه‌ممه‌ی دابێتەوە داعش ئاگرباران ده‌كات
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) لەمیانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا کە لەگەڵ (دیڤد کامیرۆن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیادا سازی کردبوو، (فرانسوا ئۆلاند) گوتی هێرشە ئاسمانیەکانمان بۆ سەر چەکدارەکانی داعش لە سووریا و عێراقدا بەهێزتر دەکەین.

ئۆلاند پشتڕاستی کردەوە کە کەشتیە جەنگیە فڕۆکەهەڵگرەکەیان (چارلیز دیگوڵ) لە لێدانە سەربازییەکانیاندا بەشداری دەکات.
هەروەها گوتیشی، هێرشە ئاسمانیەکانمان چڕتر دەکەینەوە و، ئەو ئامانجانە هەڵدەبژێرین کە زۆرترین شکست بە هێزی تیرۆریستان بگەێنێت.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش کە بە گەشتێک لە پاریس بوو، دوای قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی داعش و ڕێکارەکانی داهاتویان، هەردوولایان هەماهەنگ و، ڕازیبون لەسەر ئەوەی پێویستە هەماهەنگی نێودەوڵەتی دژی داعش بەهێزتر بکرێت وە زیاتر هاوکاری لابرەی ئاڵوگوڕی زانیاری و تۆماری هێڵی فڕۆکەوانیەکانیشدا بکرێت.

(دیڤد کامیرۆن) گوتی، بە توندی پاڵپشتی ئەو بڕیار و کردارانە دەکەم کە سەرۆک ئۆلاند لەدژی داعش لە سووریادا جێبەجێیکردون، باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە ئێمەیش دەبێت هەر ئەوە بکەین.

هەوڵە دیبلۆماسییەکانی فەرەنسا دوای شاڵاوەکانی سەر پاریس زیاتر و بەگوڕتر بوون، ئەمڕۆ لەگەڵ (دەیڤد کامیڕۆن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبویەوە و، بەیانیش بڕیارە بچێتە واشنتۆن بۆ دیداری (باراک ئۆباما)، ڕۆژی چوارشەممەیش چاوی بە (ئەنگڵا مێرکڵ) دەکەوێت و، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەیش بەرەو مۆسکۆ دەڕوات بۆ کۆبونەوەی لەگەڵ (ڤلادیمێر پۆتین)ـدا.

هەوڵی دیپلۆماتیکی فەرەنسا ئامانجیانە هێز و هاوپەیمانیە نێودەوڵەتییەکان لەدژی داعشدا یەکبخەن بۆ ئەوەی گوڕ و تینەکەیان بەهێزتربێت، وە لەلایەن خۆیشیەوە فەرەنسا هەڵمەتەکانی بەرفراونتر و گەورەترکردوە و، میدیا فەرەنسیەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ڕۆژی دووشەممە یەکەم هەڵمەتی ئاسمانی لەسەر کەشتی (چارلیز دیگۆڵ)ەوە دەکرێت.
Top