ئۆباما بۆ وڵاتانی جی20: ئاوارەکانی‌ سووریا وردەگرین

 ئۆباما بۆ وڵاتانی جی20: ئاوارەکانی‌ سووریا وردەگرین
له ‌كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی جی20ـدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به ‌هه‌مووانی ڕاگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی لە به‌ڵێنەکەی پاشگەز نابێتەوە و، مافی‌ په‌نابه‌رێتی دەداتە ئاواره‌ سووریاییه‌كان‌.

هەر ئه‌مساڵ، بە ژن و پیاو و، گەورە و گچکە و، خێزاندار و بێخێزانەوە، سه‌دان‌هه‌زار په‌نابه‌ر ڕوویان كردووه‌ته‌ ئه‌ورووپا؛ به‌دوای ژیانێكی نوێ ده‌گه‌ڕێن كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و ئاوارانه‌ خه‌ڵكی سووریان. له‌وەتی دووەم جه‌نگی جیهانی بڕاوەتەوە، ئه‌ورووپا کۆچی وا گەورەی بە خۆیەوە نەدیوە؛ کە تەقینەوەکەی پاریشی بەسەردا هات، وڵاتانی جی20 له‌ ئه‌نتالیا، ناچار ئەو گەلەكۆچەشیان خستە بەرباس؛ له‌ ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لەبەر قوربانیانی ڕووداوه‌ تیرۆریسته‌كه‌ی پاریس، هەڵسانە سەر پێ و، بەبێ دەنگ خولەکێک ڕاوەستان. پاشان گوتیان ئەم ڕەشکوژییەی پاریسی ئەنگاوت، ئەگەر لێی نەیەینە دەنگ، شوێنی دییش دەگرێتەوە.
هەندێ سه‌ركرده‌ دەیانگوت مادامەکینێ ئاوارەیەکی خەڵکی سووریا، ئەو بەزمەی پاریسی کرد، هەق نییە ئیتر وەریان‌بگرین و با رێوشوێنی توند له‌سنووره‌كانی نێوانماندا بگرینه‌ به‌ر و نه‌هێڵین ئه‌ورووپا چیدی تووشی كێشه‌ بێ، به‌ڵام هه‌رزوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما دڵنیایی دایه‌ جیهان كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ی بۆ قه‌بووڵكردنی ئاوه‌ره‌كانی سووریا دایناوه‌ پاشگه‌ز نابێته‌وه‌ و، مافی په‌نابه‌رێتییان پێ ده‌دات.
Top