لە تاران دژی رۆحانی و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دروشم درا
ماڵپەڕی “ئینتخاب” كە سەر بە باڵی بناژۆخواز و لەلایەن “موحسن رەزایی”ییەوە بەڕێوە دەچێت، نووسیویە: كەلە رێوڕەسمی تازیەباریی عاشوورادا كاتێك حەسەن رۆحانی سەركۆمار و عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئامادەبوون، بەشێك لە ئامادەبووان لەدژیان دروشمیان داوە و ناوەرۆكی دروشمەكانیش پەوەندییان بە رێككەوتنی ناوكیی ئێرانەوە هەبووە.
بەشێك لە دروشمەكان بریتی بوون لە: “ئەمان نامەی بەرجام، هەوڵی بێ سەرەنجام، مەرگ بۆ خۆفرۆش و خائیین و..”
ماڵپەڕی ئینتخاب ئاشكرای كردووە كە ئەو كەسانەی كە دروشمیان داوە، سەر بە باڵی توندڕەون و سەر بە “لایەنگرانی رەوتی توندڕەو” وەسفی كردوون.
بەشێك لە بناژۆخوازانی ئێرانی وەك “بەرەی پایەداری” كە لەلایەن “محەمەدتەقی میسباح یەزدی” ئاخوندی توندڕەوەوە بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ بەشێك لە كارەكانی حكوومەتی رۆحانی و بەتایبەتی بە توندی دژایەتیی رێككەوتنی ناوكیی ئێران دەكەن.
باسنيوز