تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێران وڵاتانی زلهێزی نیگەران کردووە

 تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێران وڵاتانی زلهێزی نیگەران کردووە
کاردانەوەکان بەرامبەر بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی ئێران بەردەوامە و ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای هەڵوێست لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن.

رۆژی چوارشەممە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە لێژنەی گەمارۆکانی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دژی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئێران، کە بە گوتەی ئەوان شکاندنی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەڵوێست وەربگرێت.

ئەو چوار وڵاتە لە نووسراوێکدا کە وردەکاری تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی تێدایە، رایانگەیاندووە، ئەم موشەکە بالستییە و دەتوانێت کڵاوی ئەتۆمی هەڵبگرێت.

ئێران هەفتەی رابردوو تاقیکردنەوەیەکی لەسەر موشەکی بالستیی بەناوی عیماد ئەنجامدا و وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، بڕیارە ئەم مووشەکە جێگەی مووشەکی شەهاب 3 بگرێتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئێران، ئەم مووشەکە لە ئێران دروستکراوە و تا ئەو کاتەی ئامانجەکەی دەپێکێت، دەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێ.

وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوە بە شکاندنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەزانن.

بەپێی بڕیاری 1929ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران ناتوانێ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیی ئەنجامبدات، کە بتوانێ کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.

پێشتریش باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لەو تاقیکردنەوە موشەکییەی ئێران گرتبوو و رایگەیاندبوو، ئێران چەندین جار سنوورەکانی تاقیکردنەوەی مووشەکیی شکاندووە.

حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئێران بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی و مووشەکی خۆی مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت و بەردەوام دەبێت لە پلانە بەرگرییەکانی خۆی بەتایبەت لە بواری مووشەک، کە مووشەکی عیمادیش یەکێک لەوانەیە.

دیپلۆماتکاران پێیان وایە ئەگەر پێشێلکارییەکانی ئێران بسەلمێندرێت، رەنگە لێژنەی گەمارۆ ناوی چەند کەس یا چەند کۆمپانیای دیکەی ئێرانی بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد بکات، بەڵام پێشیان وایە رەنگە رووسیا و چین دژی وەها بڕیارێک بوەستنەوە.












رووداو
Top